کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت؛ "پارتی و یەکێتی لەسەر چاککردنی مادەکانی هەرێمی کوردستان ناکۆکن"


رووداو دیجیتاڵ 

کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماڵی فوئاد حوسێن لە بەغدا بەڕێوەچوو. زیاتر لە دوو کاژێر گۆڕانکاری لە ماددەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە گفتوگۆی وردیان لەسەر کرا. 
 
سەرکردەکانی شیعە دواجار رەزامەندییان نیشانداوە بۆ چاککردنی ماددەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجە، ئەویش بەپشت بەستن بەو دەقەی لە حکومەتی عێراقەوە نێردراوە، بەڵام ئەمجارە ناکۆکیی پارتی و یەکێتی رێگربوو لە رێککەوتنی کۆتایی، بەتایبەتی لەسەر ئەو برگەیەی کە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان ناڕازی بێت لە پێدانی شایستە داراییەکانی دەتوانێت لەگەڵ بەغدا راستەوخۆ مامەڵە بکات، پارتی دژی ئەمەیە و یەکێتی پێداگری لە مانەوەی دەکات. 
 
سۆزان مەنسوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: ئەوەی گەیاندووینی بەم رۆژە ئەوەیە کە بەیەک چاو سەیری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناکرێت، دەبێت حکومەت حکومەتی حیزبی نەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەیەک چاو سەیری هەموو پارێزگاکان بکات؛ مووچە کە لە دهۆک دابەش دەکرێت دەبێت لە گەرمیانیش لە هەمان کاتدا دابەش بکرێت، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان متمانەی بەخۆی هەیە و دەزانێت ئەو جیاوازییە ناکات، ئەمە هیچ خاڵێکی ناکۆکیی تێدانییە کە زیاد کراوە. 
 
رووداو زانیویەتی لەسەر فرۆشتنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و 50٪ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان و کردنەوەی هەژمارێکی بانکی کە سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق بێت و دەسەڵاتی بەکارهێنانی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون، ئەوەی ماوەتەوە گۆڕانکارییەکانی دیکە کە دژی ئەو دەقە نەبێت حکومەتی عێراق ناردوویەتی. 
 
داخل رازی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی راگەیاند: پشکی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەر پارێزگایەکی دیکەیە و جێگیرە، بەڵام پێمانوایە دەبێت دادپەروەری بۆ هەمووان پەیڕەو بکرێت و نابێت مافی لایەنێک بخورێت لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە و وابکات لایەک بێبەشبێت لە هەموو شتێک لایەکیش هەموو شتێکی پێ بدرێت. 
 
گۆڕانکاری لە ماددەکانی 13 و 14 کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان لە لیژنەی دارایی هۆکاربوو تاوەکو بەربەست لەبەدەم تەواوکردنی پرۆژەیاسای بودجە دروستبێت و نەتوانرێت دەنگی لەسەر بدرێت لە پەرلەمان.