چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن بازاڕەکانی بەغدای چۆڵکردووە

رووداو - کەربەلا

لە ئێران و وڵاتانی دیکەوە ملیۆنێک و 800 هەزار شیعە چوونەتە کەربەلا و لەگەڵ ملیۆنان عێراقییدا شین دەگێڕن، بەهۆی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێنیشەوە بازاڕەکانی بەغدا چۆڵبوون.

لە رۆژانی ئاساییدا بازاڕی باب شەرقی کە دەکەوێتە ناوەڕاستی بەغدا جمەی دێت لە خەڵك، بەڵام بەهۆی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن چۆڵدیارە. رەعد بژێووی ژیانی ماڵ و منداڵی لەسەر وێنە گرتنە، ئەو دەڵێت رۆژانی زیارەت بەئەستەم دەتوانین نانی رۆژ پەیدابکەین.

دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئاماری زیارەتکاران دەخاتەڕوو، بەپێی ئامارەکان خەرجی و خزمەتکردنی زیارەتکاران زۆر زیاترە لەو داھاتەی بەھۆی عاشووراو چلەی ئیمام حوسێن دەستدەکەوێت.

کازم عیقابی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت: "رێژەی زیارەتکاران تاوەکو کاژێر 10:00ی بەیانی دووشەممە 29-10-2018، گەیشتە یەك ملیۆن و 800 هەزار زیارەتکاری بیانی، بەڵام کاریگەری سلبی و ئیجابی ئابووری رێژەی پارەکە ئەوەندە زۆر نییە باسی لێوەبکرێت، ڤیزا بە 40 دۆلارە، ئەگەر دوو ملیۆن خەڵك بێنە عێراق دەکاتە 80 ملیۆن دۆلار، ئەمەش هیچ نییە سەبارەت بە ئابووری عێراق، ئێمە خزمەتی زۆرمان پێشکەش بە زیارەتکاران کردووە".

ساڵانە بۆ چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن نزیکەی دوو ملیۆن خەڵك سەردانی عێراق دەکەن، بۆ ئەمساڵ دەروازە سنوورییەکانی شەلامچە، شیب و رزباتە لە سنووری ئێران، دەروازەی سەفوان لە سنوری کوێت و فڕۆکەخانەکانی بەغدا نەجەف و بەسرا پێشوازایان لە زیاتر لە یەك ملیۆن و 800 هەزار زیارەتکار کردووە.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن