هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا ئەو کەسانە دەستگیردەکەن کە بێ مۆڵەت لە عێراقن
رووداو دیجیتاڵ
هەواڵی دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانی لە عێراق هەرای ناوەتەوە. حکومەتی عێراق لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە دەستی بە بەدواداچوون کردووە و لە نێوخۆش وەزارەتەکانی نێوخۆ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی راسپاردووە.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەغدا دەستیان بە رێوشوێنی توند کردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بێ مۆڵەت هاتوون، نەگەڕاونەتەوە و کار دەکەن، لە دوایین هەڵمەتیاندا لە بەشی رەسافەی بەغدا 49 کەسیان دەستگیر کردووە و پۆلیس دەڵێت زۆربەیان پاکستانین.
ستار دەمبووس، سەرۆکی یەکێتیی کرێکارانی عێراق دەڵێت "هەموو ساڵێک دووچاری کێشەی هاتنی بیناییەکان دەبین بۆ عێراق، بەتایبەتی کاتێک بە بیانووی زیارەت و بەشداری لە عاشوورا و چلەی ماتەمینی دێن، کێشەکە لەوەدا نییە کە بە پاسپۆرت و بەرێگەی یاسایی دێن، بەڵام دوای تەوابوونی مەراسیمەکان ناگەڕێنەوە و بڵاودەبنەوە بە عێراقدا. ئەمە وایکردووە گوشار و کێشە بۆ سەر کرێکارانی نێوخۆ دروست ببێت، تەنانەت کێشەن بۆ سەرجەم عێراق."
ساڵانە لەکاتی بۆنە ئایینییەکان لە عێراق، بەلێشاو بیناییەکان بەمەبەستی زیارەت روودەکەنە ئەو وڵاتە، ئەوەی بۆ عێراق بووەتە کێشە؛ ئەو کەسانەن کە دێن و دواتر ناگەڕێنەوە، پاشان بێ مۆڵەت بە شارەکاندا بڵاودەبنەوە و کاردەکەن.
شەهزاد شێخ، پاکستانییە و بە رووداوی گوت "ئێمە لە هیندستان و پاکستانەوە هاتووینەتە عێراق بۆ زیارەت، زیارەتی شێخ عەبدولقادرمان کرد، چووینە نەجەف و کەربەلا، سەردانی ئیمام موسای کازم و ئیمام حوسێن و ئیمام ئەبو حەنیفەمان کرد، زیارەتەکە زۆر باش بوو و زۆر خۆش بوو."
سەندیکای کرێکارانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات هەزاران کرێکاری بیانی بێ مۆڵەت لە عێراق کاردەکەن، ئەوان دەڵێن زۆر زیاتر لە پەنجا هەزار پاکستانی لە عێراق هەن و لەکاتی زیارەتدا هاتوون و نەگەڕاونتەوە.
بەپێی بریارێکی حکومەتی عێراق؛ هەر کرێکارێکی بیانی بێ مۆڵەت کاربکات رۆژانە 20 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت.