سەدرییەکان خۆیان بۆ "شۆڕشی عاشوورا" ئامادە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە پەرلەمانی عێراق تائێستا هیچ وادەیەکی بۆ کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دیاری نەکردووە، بەڵام سەدرییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی خۆپێشاندان دەکەن رۆژی شەممەیان دیاریکردووە و خۆپێشاندانەکەش بە "شۆڕشی عاشوورا" ناو دەبەن.
هەر لە ئێستاوە هێزێکی زۆر لە دەوروبەری ناوچەی سەوز بڵاوەی پێکراوە. پەرلەمانتارێکی دەستلەکارکێشاوەی فراکسیۆنی سەدری دەڵێت، "هیچ داواکارییەکی فەرمیمان لە بەڕێز موقتەدا سەدرەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام گەل هەر کاتێک بڕیار بدات خۆپێشاندان دەکات."
شەڕی دوو بەرەکەی شیعە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
شەڕە تویت و گرووپەکانی تەلیگرام و پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان دوو بەرە دژبەیەکەکەی شیعەکان تادێت گەرمتر دەبێت، هاشتاگی "شۆڕشی عاشوورا" و" راپەڕینی عاشوورا" و "شەممە وادەمانە" لە رۆژی پێنجشەممەوە لە تویتەر زوو زوو دەبنە ترێند. ئەم هاشتاگانە سەدرییەکان وەکو ئامادەکارییەک بۆ خۆپێشاندانێک بڕیارە رۆژی شەممە بکرێت بڵاویدەکەنەوە، سەرکردە و لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش حکومەت بە بەرپرسیار دەزانن لە پاراستنی دامەزراوەکانی حکومەت و یاسادانان.
لە عێراق چیدی سەرکردە و حیزبەکان پێویستیان بەوە نەماوە بێنە سەر شاشەی تیڤییەکان یان لە رادیۆوە بانگەشە بۆ خۆپێشاندان و کۆبوونەوەی جەماوەری بکەن. بۆ لایەنگرە گوێڕایەڵەکانی موقتەدا سەدر، تویتێکی محەممەد ساڵح عێراقی (کەسایەتییە نادیارەکە)ی نێو رەوتی سەدر بەسە، بۆ ئەوەی بە ماوەیەکی کەم هەزاران کەس بڕژێنە سەر شەقامەکان. هەر ئەو هەزاران کەسە بە تویتێکی موقتەدا سەدر دەگەڕێنەوە ماڵەوە.
رۆژی هەینی، 29ـی تەممووزی 2022، قەیس فەرتووسی، ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی رەوتی سەدری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا هیچ فەرمانێکی فەرمیمان لەلایەن سەماحەتی سەید موقتەدا سەدرەوە بۆ خۆپێشاندان بۆ نەهاتووە، بەڵام ئیدی گەلی عێراق و خاوەن هەڵوێستەکان لە ئێستاوە خۆیان بانگەواز بۆ خۆپێشاندان دەکەن و هەر شتێک گەل بڕیاری لەبارەوە بدات ئێمەش لەگەڵیداین، گەنجان لێرە و لەوێ دەستیان بە خۆڕێکخستنەوە بۆ خۆپێشاندانەکەی شەممە کردووە، ئێمەش هەر شتێک سەماحەت داوای بکات دەیکەین."
رۆژی 15-06-2022 هەر 73 پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی سەدری بە فەرمانی موقتەدا سەدر دەستیان لەکارکێشایەوە، بەڵام سەدر لە گۆڕەپانەکە دوورنەکەوتەوە و لە نوێژی هەینی بە کۆمەڵ و خۆپێشاندانەکەی چوارشەممەی رابردوو هۆشداری بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دا لە دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران.
پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکەی فراکسیۆنی سەدر گوتی: "ئێمە لە پڕۆسەی سیاسیی کشاینەوە، چونکە گەندەڵکاران لە رێگەی بەکارهێنانی دادگە و یاساوە و لە رێگەی بەکارهێنانی گوشارەکانییانەوە رێگەیان نەدا دەست بە چاکسازییەکی گشتگیر بکەین و حکومەت پێکبهێنین، ئێستاش ئەوە گەلە رێگە نادات ئەو زبڵ و پاشماوانەی 20 ساڵی رابردوو جارێکی دیکە بێنەوە سەر کورسیی دەسەڵات، ئەو دەموچاوانەی ناوێت".
قەیس فەرتووسی هۆشداری دا و گوتی: "گەندەڵکاران دەبێت بچنە زبڵدانەوە و هەرگیز رێگە نادەین عێراق بەرەو دووڕیانێکی مەترسیدار ببەن، راستە ئێمە لە پڕۆسەی سیاسی کشاوینەتەوە، بەڵام ئێمە لە پشتگیریکردنی داواکارییەکانی گەلەکەمان و شەقام و گەنجانی بەشمەینەتی عێراق نەکشاوینەتەوە، بۆیە هەرکاتێک گەلەکەمان بیەوێت لەو شوێنەین کە ئەوان دەیانەوێت، ئیدی شەممە بێت یان یەکشەممە یان هەر رۆژێکی دیکە."
رۆژی پێنجشەممە وەزیرەکەی سەدر دوو وێنەی بڵاوکردەوە کە یەکێکیان بەربەستە کۆنکرێتییەکانی بەردەم ناوچەی سەوز بوون و ئەوی دیکەیان گۆڕەپانی ئازادییە لە بەغدا وەکو ئاماژەیەک بۆ دوو شوێن ئەگەری هەیە خۆپێشاندانیان تێدا بکرێت.
وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیار نییە
لە دواینیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەوە سەدرییەکان بانگەواز بۆ خۆپێشاندانەکەی شەممە دەکەن. ئیبراهیم جابری، بەرپرسی نووسینگەی سەدر لە بەری رەسافەی شاری بەغدا لە هەژماری خۆی لە تویتەر و فەیسبووک پۆستێکی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، "ئایا شەممە نزیک نییە."، وەکو ئاماژەیەک بۆ خۆپێشاندانە چاوەڕوانکراوەکەی رۆژی شەممە 30ی تەممووز.
حازم ئەعرەجی، نوێنەری موقتەدا سەدر، بە پۆستەکانی "شەممە ئامادەین"، و دواتریش بە "یەکەم پەرستن بوو، دووەم گوێ بادان، سێیەم........" سەدرییەکانی تەواو وروژاندووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پڕ لە پۆستەر و بڵاوکراوەی بانگەواز بۆ خۆپێشاندان کرد، خۆپێشاندانێک جگە لە مانەوە، داوای هەڵدانی خێوەت و مانگرتنی بەردەوامیشی تێدا دەکرێت.
لە بەرامبەر بانگەوازی سەدرییەکان، لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێن، هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان ناکرێت و خۆتێکدانی سەدرییەکان "زیادەیە"، رژدیشن لەسەر بەردەوامبوون لە پێکهێنانی حکومەت.
رۆژی 25ى تەممووزی 2022، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى محەممەد شیاع سوودانى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێرکرد. سوودانی لە ماوەی رابردوودا دوو جار وەزیر و دوو جاریش وەزارەتی بەوەکالەت بەڕێوەبردووە، جگە لە ژمارەیەک پۆستی دیکە، بەڵام لەلایەن سەدرییەکان و بەشێکی دیکەی خۆپێشاندەرانەوە قبووڵکراو نییە، هەرچەندە چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوورە لەسەر بەربژێرکردنی.
هەرچەندە دەنگۆی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی شەممەدا لە نێو میدیاکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، بەڵام هێشتا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هیچ وادەیەکی بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو دیارینەکردووە.
عارف حەمامی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رۆژی هەینی، 29ـی تەممووزی 2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان دیاری نەکراوە، پێشنبینی دەکەم بەمنزیکانە دیاری بکرێت، یەکەمیان بۆ پێشکێشکردنی ناوی محەممەد شیاع سوودانییە بە پەرلەمان بەشێوەیەکی فەرمی و ئەوی دیکەشیان بۆ راپۆرتی دەستدرێژییەکانی تورکیایە کە راپۆرتێکی هاوبەشی هەردوو لیژنەی بەرگری و ئاسایش و پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانە و پڕۆژەبڕیارێک لە خۆدەگرێت سەبارەت بە هێزەکانی تورکیا و پەکەکە لە عێراق."