وەزیری سامانە سرووشتییەکان بۆ تاوتوێکردنی پرسی پەیوەست بە کۆمپانیاکانی نەوت لە بەغدایە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە بەغدایە و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەتەوە. گفتوگۆکراوە لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو گرفتە یاسایانەی تایبەتن بەو کۆمپانیا نەوتانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. 
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە راگەیێندراوێکدا رۆژی دووشەممە، 29-05-2023 رایگەیاند، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە بەغدا و لەگەڵ دکتۆر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی چارەسەرکردنی گرفتە یاساییەکانی بەردەم  ئەو کۆمپانیا نەوتانە کراوە، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. 
 
لە 25ـی ئادارەوە و بە کاریگەریی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا، بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەو پێیە زیانەکانی بەر عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتوون لە کەمتر لە دوو مانگ یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دەبێت. 
 
رۆژی 23-05-2023 کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، سەرجەم کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەرەو چارەسەربوون دەڕۆن و تەنیا لایەنی توركیا ماوە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بداتەوە."