لە عێراق ملیۆنێک و 600 هەزار دەرچووی زانکۆ بێکارن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، یەک ملیۆن و 600 هەزار دەرچووی زانکۆ لە وەزارەتەکەیان ناویان تۆمارکردووە و بەدوای کاردا دەگەڕێن.
رۆژی دووشەممە، 28ی نیسانی 2024، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەم کابینەیەدا لە چوارچێوەی چاودێری کۆمەڵایەتی مووچەیان بۆ نزیکەی 900 هەزار خێزان بڕیوەتەوە.
ئەحمەد ئەسەدی دەڵێت: ''پێویستە بۆ ئەو ژمارە زۆرە لە دەرچووی زانکۆ کە بە دوای کاردا دەگەڕێن چارەسەر بدۆزینەوە و ئەمەش ئاڵنگارییە بۆ ئێمە،" لەم قۆناخەدا کۆمەڵێک بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ ئەو دەرچووانە لەگەڵ پێدانی قەرز.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی عێراقدا هاتووە: ''لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان ئەرکی ئەوان قورستر بووە و پێویستیان بە بەرنامە و پلانی درێژخایەن هەیە، هەروەها هاوئاهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆ دۆزینەوەی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان.''
ئەم زانیارییانەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە دوای کۆبوونەوەی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق هات لەگەڵ جەمیل محەممەد حمیدان، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی بەحرەین لە پەراوێزی لووتکەی کاری هاوبەشی وڵاتە عەرەبییەکان، کە رۆژی شەممە 27ی نیسان لە بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد.