وەزیری خوێندنی باڵا: 2,000 خوێندکاری بیانی دەیانەوێت لە عێراق بخوێنن

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری خوێندنی باڵای عێراق رایگەیاند، 2000 داواکاریی خوێندکارانی بیانیان پێگەیشتووە بۆ ئەوەی لە زانکۆکانی عێراق بخوێنن. لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاسانکاری بۆ خوێندکارانی بیانی دەکەن، بۆ ئەوەی لە زانکۆکانی عێراق بخوێنن.
 
نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق رایگەیاند، ئێستا 1,015 خوێندکاری بیانی لە عێراق دەخوێنن ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە دوای ساڵی 2003.
 
وەزیری خوێندنی باڵای عێراق گوتی، جگە لەو خوێندکارە بیانیانەی ئێستا لە زانکۆکانی عێراق دەخوێنن، 2,000 خوێندکاری بیانی داوایان پێشکەشکردووە بۆ خوێندن لە عێراق.
 
بە گوتەی نەعیم عەبوودی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە هەموو کارئاسانییەک بۆ خوێندکارە بیانییەکان بکرێت، هەر لە شوێنی مانەوە و پێدانی زەمالەی خوێندن. عەبوودی گوتی: "سەرەڕای گوێگرتن لە داواکارییەکانیان و هەوڵدەدەین هیچ بەربەستێک نەمێنێت بۆ خوێندنیان لە عێراق.''
 
فەرمانگەی شاندکردن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەکی تایبەتی بۆ خوێندکارە بیانییەکان پێکهێناوە.
 
عێراق دەستپێشخەریی ''لە عێراق بخوێنە''ی راگەیاندووە، وەک هەنگاوێک لەبەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی لەسەر عێراق هەیە بەوەی بە ''بێ کەڵکە'' بۆ خوێندکارانی بیانی. نەعیم عەبوودی گوتی: ''ئەو دەستپێشخەرییە بەڵگەیە لەسەر ئامادەییمان بۆ میوانداریکردنی خوێندکارە بیانییەکان و ریزبەندی زانکۆکانمان لەسەر ئاستی جیهان جیهان 37ـەمینە بەپێی پۆلێنکردنی رۆژنامەی تایمز."