وردەکاریی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە 2025
رووداو - واشنتن
ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
ئەو هاوکارییانە لە چوارچێوەی رەشنووسی بودجەی وەزارەتی بەرگریی ساڵی داهاتوودا جێگەیان دەکرێتەوە و رەوانەی کۆنگرێسی ئەو وڵاتە دەکرێن، تاوەکو پەسند بکرێت و دواتر لە ساڵی نوێدا جێبەجێ دەکرێن و هاوکارییەکان خەرج دەکرێن. بەشێک لە ئەمریکییەکانیش بۆچوونیان وایە، پێویستە هاوکارییان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر بکرێن.
دەیڤ واڵاس، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ کۆنگرێس دەڵێت، "ئەمریکا دەبێت بەر لە هەموو شتێک، توانای پێویست بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دابین بکات، تاوەکو هێزێک بێت پشت بە خۆی ببەستێت و بتوانێت ئەو چەک و پێویستییانەی لەبەردەستبن کە پێویستن بۆ بەرگرکردن لە خۆیان، جۆرێک لە وەستاندن و هەڵپەساردنی پێدانی ئەو جۆرە چەکانە بە پێشمەرگە هەیە، کە دەبێت ئەو بەربەستانە نەهێڵدرێن، تاوەکو هێزی پێشمەرگەی کوردستان پشت بە توانای خۆیان ببەستن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن."
بەپێی رەشنووسی بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ ساڵی 2025، هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکا، ئەگەر پەسند بکرێن، بەو شێوەیە دەبێت، کە بۆ عێراق و سووریا بەیەکەوە، داوای 528 ملیۆن و 699 هەزار و 557 دۆلار کراوە، لە کۆی ئەو بڕە پارەیەش، 380 ملیۆن و 758 هەزار و 349 دۆلار بۆ عێراق و 147 ملیۆن و 941 هەزار و 208 دۆلار بۆ سووریا داواکراوە.
بەپێی پڕۆژە بودجەی ساڵی رابردووش، لە ساڵی 2025دا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا داوای 138 ملیۆن دۆلار زیاتری کردووە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی پێویستی، مەشق بۆ دوو فیرقەی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند هێز و پێویستییەکی دیکەی سەربازی.
هاوکارییەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دابەشکراون: 257 ملیۆن و 57 هەزار و 349 دۆلار بۆ کەلوپەلی سەربازی و مەشقپێکردن؛ نۆ ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بۆ خزمەتگوزاری و پشتیوانیی لۆجستیی هێزەکان؛ 60 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، کە بە شێوەی مانگانە پێیان دەدرێت، هەروەها چوار ملیۆن و 795 هەزار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ژێرخان و بنکەکان و 49 ملیۆن و 205 هەزار دۆلار بۆ رێگری لە لەکارکەوتنی ئامێرەکان و هێشتنەوەیان بە کاریگەری.
لەو پارەیەش کە بۆ مەشق و راهێنان تەرخانکراوە، 57 ملیۆن و 792 هەزار و 529 دۆلار بۆ وەزارەتی پێشمەرگەیە، 114 ملیۆن و 120 هەزار دۆلار بۆ فەرماندەیی هاوبەشی هێزەکانە و پارەکەی دیکەش کە نزیکەی 84 ملیۆن دۆلارێک دەبێت، بۆ وەزارەتەکانی نێوخۆ، بەرگری و دژە تیرۆری عێراقین.
ئەمریکا هێشتا مەترسییەکانی داعش بە جیدی بۆسەر ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت، بۆیە ئامانجییەتی لە هاوکاریکردنی ئەو هێزانە بەردەوام بێت تاوەکو دڵنیا بێت کە داعش دووبارە ناگەڕێتەوە و لە هەوڵەکانیشیان بۆ تێکشکاندنی یەکجاریی داعش بەردەوام دەبن.