بەغدا 623 ملیار دینار دەنێرێت تاوەکو لەگەڵ داهاتی نێوخۆ مووچەی پێ دابەشبکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە لەبارەی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی؛ ئەو داوایەی کراوەتە مەرجی خەرجکردنی مووچەی مانگی دوو.
بڕیارەکە وایە، لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەخۆران، وەزارەتی دارایی عێراق 623 ملیار دینار دەخاتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا لەگەڵ 320 ملیار دیناری داهاتی نێوخۆی مووچەی پێ دابەشبکەن.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "عێراق دەڵێت ئێمە لە دیوانی چاودێری دارایی وردبینی لیستەکە دەکەین، هیچی دیکە، مووچە دەدەین، ئەوکاتەی مووچە دەدات داهاتی ناوخۆی لەگەڵە، وایە مووچەی موچەخۆران بە داهاتی ناوخۆوە و ئەوەی دیکە عێراق دەیدات، 320 ملیار [دینار]ی داهاتی ناوخۆ جێگیر کراوە و هەرێم دەیدات، بە هەردووکی مووچە دەدرێت. بۆ دوای بڕیارەکەی داگەی فیدراڵیش، نەدانی داهاتی نەوت و کێشەی نەوت نابێتە هۆی گرفت بۆ مووچە."
وەزارەتی دارایی عێراق لە مانگی ئادارەوە ئامادە نییە هیچ پارەیەک بۆ مووچەخۆران خەرج بکات گەر لە رێگەی بانکییەوە نەبێت.
بۆیە بەغدا چاوەڕێی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە تاوەکو قۆناخی دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی تاوتوێ بکەن و رێگەیەک بۆ بەپەلە دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە.
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجە جێگیرکراوە و دادگەی فیدراڵیش بڕیاری لێداوە، مووچە لە رێگەی بانکییەوە دەبێت، بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە. بڕیاره دادگەش مولزەمە بۆ هەردوو لا، بۆیە بەدواداچوونی یاسایی لەسەر ئەو لایەنە دەبێت کە پێشێلکاری دەکات. ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ نەکەن، ئاڵۆزی دروست دەبێت. هیوامان وایە نەگەینە ئەو قۆناخە، بەڵکو چارەسەرەکە بە رێگەی یاسایی بکرێت و هاووڵاتییانیش لەناکۆکیی سیاسی دووربخرێنەوە."
رووداو زانیویەتی بۆ مووچەی مانگی دوو، وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا لیستی مووچەی فەرمانبەرانی دەوێت، بابەتی وردبینی لە لیستەکە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقی هێشتووەتەوە بۆ مانگەکانی داهاتوو.
رێوشوێنەکان هەرچەندە قورس بن و پێویستیان بە کات بێت، بەڵام تازە ئەمە کراوەتە مەرج و سەپێندراوە، بۆیە جگە لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ بەپەلە تەواوکردنی رێکارەکانی بەستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بانکەکان، رێگەیەکی دیکە نییە، ئەمە قسەی یەکەم و کۆتاییی وەزارەتی دارایی عێراقە.