پۆلیسی وزەی عێراق: لە بەسرە 24 بیانی دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی وزەی عێراق رایگەیاند، 24 بیانییان دەستگیرکردووە کە ویستوویانە لەنێو کێڵگە نەوتییەکاندا پشێوی بنێنەوە. سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی بەسرە دەڵێت ئەو کرێکارانە بەهۆی کێشەیان لەگەڵ کرێکارانی عێراقی، ویستوویانە پشێوی بنێنەوە و رێگە لە کارەکانی کێڵگەکە بگرن.
رۆژی سێشەممە، 28-11-2023، پۆلیسی وزەی عێراق لەراگەیێندراوێکدا گوتی "هێزەکانی لیوای نۆی سەر بە لیوای وزەی عێراق، 24 کەسی بیانییان دەستگیرکردووە، کە ویستوویانە لە کێڵگەیەکی نەوتی لە پارێزگای بەسرە پشێوی بنێنەوە."
بە گوتەی پۆلیسی وزەی عێراق، ئەو بیانییانە بەبێ ئەوەی رەزامەندییان هەبێت، دەیانویست بچنە نێو یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانەوە و کێشە بۆ کێڵگەکە دروست بکەن، بەڵام دەستگیرکران و رادەستی بنکەیەکی پۆلیسی پارێزگای بەسرە کراون بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی لەدژیان بگیرێتەبەر.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی وزەی عێراق لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو 24 کەسە بیانییەوە بە رووداوی گوت "ئەو کەسانە، لەگەڵ ژمارەیەک کرێکاری عێراقی کێشەیان هەبووە، دوای ئەوەی کرێکارە عێراقییەکان جیاوازیی مووچەیان وروژاندووە، واتە کێشەکە دارایی بووە."
جیاوازیی نێوان کرێکارانی بیانی و عێراقی لە کێڵگە نەوتییەکان بەتایبەت لە رووی مووچە و شایستە و شوێن و خزمەتگوزارییەکان بابەتێکە زۆر جار لەنێو کرێکارانی عێراقی باسکراوە و خراوەتەڕوو.
وەزارەتی کاری عێراق دەیەوێت سوود لە چالاککردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران وەربگرێت کە جەخت لەوە دەکاتەوە "پێویستە ئەو کرێکارانەی لە شوێنێک کاردەکەن، لانیکەم 50٪ کرێکاری نێوخۆیی و 50٪ـەکەی دیکە کرێکاری بیانی بن."