شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا داوای پشکی 17%ی بودجە دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووەم رۆژە لە گفتوگۆی چڕدان لە بەغدا لەپێناو جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی 2023. شاندەکە لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانانی عێراق کۆبوونەوە و رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ تەواوکردنی وردەکارییەکان. 
 
ئەگەر هەولێر و بەغدا رێکبکەون پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2023 زیاتر لە 14 ملیار دۆلار دەبێت، بەپێی رێژەی دانیشتووان کە وەزارەتی پلاندانان 14%ی دیاریکردووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی لەوەیە رێژەکە بۆ 17%بگەڕێنێتەوە. 
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: لە نوێترین ئاماردا کە لە وەزارەتی پلاندانان بە دەستمان گەیشتووە، هەرێمی کوردستان ئێستا رێژەی دانیشتووانەکەی 14%ی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت، کەواتە ئەگەر ئەم 14%ـە بکرێتە بنەما بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیەی کە لە نێوان 150 ترلیۆن بۆ 200 ترلیۆنە پشکی هەرێمی کوردستان لە نێوان 21 بۆ 28 ترلیۆن دینار دەبێت کە ئەمەش بودجەیەکی گەورە دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان. 
 
بودجەی گشتی 2023ی عێراق بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت کە لە مێژووی عێراقدا ئەمە یەکەم جارە بودجەیەک بەم قەبارەیە دیاریبکرێت، بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا رێککەوتنی لەسەر بکرێت و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. 
 
حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: کاری زۆر جیدی دەکرێت لەلایەن ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان بۆ تەواوکردنی پرۆژەیاسای بودجە و پاشان ناردنی بۆ ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری بەپێی راسپاردەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمەش بۆ گفتوگۆکردن و تەواوکردنی رێوشوێنە کۆتاییەکان لە فەرمانگەی یاسایی. 
 
وەک حەیدەر مەجید دەڵێت: بەم زووانە ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیاساکە دەخاتەڕوو لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران تاوەکو گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت لە دانیشتنێکی تایبەتدا و پاشان ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق. 
 
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراقی رایانگەیاندووە، ئامادەن لەسەر بنەمای دەستوور، تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە، لەنێویاندا کێشەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن.