عێراق لە نامەیەکی ناڕەزاییدا بۆ UN سەرکۆنەی بەکارهێنانی ئاسمانەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق دەڵێت، لە نامەیەکی ناڕەزاییدا بۆ ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق سەرکۆنەی بەکارهێنانی ئاسمانەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران کردووە. 
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، "عێراق بە فەرمی یاداشتێکی دەربڕینی ناڕەزایی پێشکێشی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، کە تێیدا پێشێلکردنی زەقی سنووری ئاسمانیی عێراق لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە بە فڕۆکە جەنگییەکانی، هەروەها بەکارهێنانی سنووری ئاسمانیی عێراق بۆ جێبەجێکردنی دوژمنکارییەکەی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 26ی تشرینی یەکەم، سەرکۆنە دەکات." 
 
عەوادی ئاماژە بەوە دەکات، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە بۆ ئەوەی بەپێی بەندەکانی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی"ـی نێوان واشنتن و بەغدا،  "لە بارەی ئەم پێشێلکارییە و ئەرکی ئەمریکا لە بەرامبەر ئاساییش و سەروەریی عێراق، پەیوەندی بە لایەنی ئەمریکییەوە بکات." 
 
ئیسرائیل بەرەبەیانیی رۆژی شەممە هێرشی ئاسمانیی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران بۆ ئەوەی تۆڵەی هێرشە مووشەکییەکەی 1ـی تشرینی یەکەمی تاران بکاتەوە. 
 
سوپای ئێران رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراقەوە کە لەژێر پاسەوانیی ئەمریکادایە، "ژمارەیەکی بچووکی مووشەکی دوورمەودایان لە دوورەوە هاویشتووە."  
 
لە کاتێکدا بەغدا پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ تاران دا هەیە، لەگەڵ واشنتنیش رێککەوتنێکی ستراتیجیی هەیە. 
 
باسم عەوادی دەڵێت، "حکومەتی عێراق جەخت لە پابەندبوونی پتەوی خۆی بە سەروەری، سەربەخۆی و سەلامەتیی خاکی عێراق دەکاتەوە و لە سەر چەندین ئاستی جیاجیا، رووبەڕووی ئەم پێشێلکاریانە دەبێتەوە؛ هەروەها جەخت لە رێگەنەدان بە بەکارهێنانی ئاسمان یان زەویی عێراق بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دیکە دەکاتەوە، بە تایبەتی وڵاتانی دراوسێ کە پەیوەندیی رێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە."
 
ئەگەرچی حکومەتی عێراق هەوڵیداوە نەهێڵێت وڵاتەکەی بخزێتە نێو ئەو ململانێ هەرێمییەی لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززەوە دروستبووە، هەندێ گرووپی چەکدار کە لایەنگری ئێرانن، هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و بەرپرسیاریێتیی خۆیان لە چەندین هێرشی درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل دەربڕیوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، کەتائیبی حیزبوڵڵا سەرکۆنەی بەکارهێنانی سنووری ئاسمانیی عێراقی لە لایەن ئیسرائیلەوە کرد و گوتی، ئەوە "پێشهاتێکی مەترسیدارە"، ئەمریکاشی تۆمەتبارکرد بەوەی لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا تێوەگلاوە و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هەردوو وڵاتەکەی کرد. 
 
ئێران 1ـی تشرینی یەکەم بە نزیکەی 200 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی ''تۆڵەی'' کوژرانی جەنەراڵێکی سوپای پاسداران، هەروەها ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماسی فەلەستینی و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بکاتەوە.