کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشوازی لە بەڵێنەکانی سوودانی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامدانی چاکسازی و هەبوونی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەرەوە، ئەو شتەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە حکومەتەکەی سوودانی چاوەڕێی دەکات.
رۆژی هەینی، 28-10-2022 نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا و فەرەنسا بە جیا پێشوازییان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆی دەربڕی. لە پەیامەکانیاندا جەختیان لە ئەنجامدانی چاکسازی و دروستکردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لە نێوان حکومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان کردەوە.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەکات و داوای لێ دەکات "خواستە لەمێژینەکانی خەڵکی عێراق بۆ چاکسازی و هەبوونی داهاتوویەکی باشتر بەدیبهێنت،" ئەمە بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە لە لایەن ستیفان دوجاریکی گوتەبێژیەوە بڵاوکرایەوە.
یەکێتیی ئەوروپاش لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەڵێت: "ئەمە رۆژێکی باشە بۆ عێراق و پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و عێراق؛ هەورەها هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پاراستنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق."
یەکێتیی ئەوروپا دەشڵێت: "چاومان لەوەیە لە نزیکەوە کار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتەکەی بکەین و پشتیوانی لە جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکەین."
بۆ ئەو مەبەستەش، یەکێتیی ئەوروپا هیوا دەخوازێت "لە نزیکترین دەرفەتدا" میوانداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی یەکێتیی ئەوروپا و عێراق بکات.
یەکێتیی ئەوروپا بەڵێنی محەممەد شياع سوودانی بۆ هەبوونی هاوسەنگی لە سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندیی باش لەگەڵ هەموو دراوسێیەکانی عێراق بە "روانگەیەکی ئەرێنی بۆ داهاتوو" ناودەبات.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی ئاراستەی محەممەد شياع سوودانی بە بۆنەی راگەیاندنی کابینەکەی کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "فەرەنسا هیوای هەموو سەرکەوتنێک بۆ سەرۆکوەزیران و حکومەتەکەی لە جێبەجێکردنی بەرپرسیاریەتییەکان دەخوازێت."
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەشڵێت: "فەرەنسا پشتیوانی لە عێراق دەکات و ئامادەیە پاڵپشتی لە حکومەتی نوێ بکات لە ئەنجامدانی ئەو چاکسازییانەی کە خەڵکی عێراق داوای کردوون."
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە: "فەرەنسا ئێستا و لە داهاتووشدا هاوبەشی عێراق دەبێت بۆ پاراستنی سەروەرییەکەی و جێبەجێکردنی دیپلۆماسیی هاوسەنگی هەرێمی."
عێراق لە کەناری ئارامییەوە دوورە
بەخشینی متمانە بە کابینەکەی سوودانی لە لایەن پەرلەمانەوە دوای زیاتر لە ساڵێک لە چەقبەستوویی سیاسی هات کە لە دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو قووڵتر ببووەوە.
سوودانی ژمارەیەک ئەرکی زەحمەتی لە پێشە، لەوانەش رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی وڵاتەکەی، بەڵام هەر ئەمە نییە، بەڵکو پێویستە لە هەمان کاتدا خۆی لە بەرامبەر ركابەرێکی حکومەتەکەی وەکو سەدر پێ بگیرێت، کە هەمیشە هەنگاوەکانی ناڕوون و پێشبینینەکراون.
وەکو هەوڵێک بۆ خۆلادان لەو رەخنانەی بەهۆی نزیکبوونیان لە ئێران ئاراستەی هاوپەیمانەکانی دەکرێن، سوودانی بەڵێنی داوە کە "سیاسەتی جەمسەردار"ی رابردوو جێبەجێ نەکات کە عێراقی بەسەر دوو بەرەی دژبەردا دابەشکردبوو، بەڵام عێراق ماوەی چەندین ساڵە گیرۆدەی گەندەڵیی کەڵەکەبوو بووە، شرۆڤەکارەکانیش، کە لەم راپۆرتەدا ئاماژەیان پێ دەکەین، هیچ کۆتاییەکی نزیک بۆ قەیرانەکانی عێراق لە ئارادا نابینن.
هیچ شتێک دەگۆڕدرێت؟
سوودانی و کابینەکەی رۆژی پێنجشەممە متمانەی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێنا، ئەوەش دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنی گشتی.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە لە پارتەکانی لایەنگری ئێران پێکدێت، لە پەرلەماندا خاوەن زۆرینەیە و دەستی باڵای هەیە. هەروەها پارتەکەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و رکابەری سەرسەختی سەدر، بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە هەردووکیان بە درێژایی ساڵەکە لە دژی یەک وەستانەوە.
سەدر، کە دەتوانێت بە یەک پەیام هەزاران لایەنگری خۆی بباتە سەر شەقام، رەتیکردووەتەوە ببێتە بەشدار لە حکومەتەکەی سوودانیدا.
بە گوێرەی سیستمی پشكپشکێنە کە لە دوای 2003ـەوە کاری پێ دەکرێت، پۆستەکانی کابینەکە بە سەر پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی عێراقدا دابەشدەکرێن.
بەو پێیەش، 12 وەزارەت بەر شيعەکان کەوتوون کە هەڵبەتە سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگین، 6 بۆ سوننەکان، 4 بۆ کورد و 1 بۆ کریستیانەکان.
عەلی بەیدار، شرۆڤەکاری کاروباری عێراق دەڵێت، حکومەتی نوێی عێراق "بە هەمان رێبازی حکومەتەکانی پێشوو هاتووەتە سەر دەسەڵات، بە هەمان هاوپەیمانی و هەمان پارتەکانەوە" کە لە ساڵی 2003ـەوە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیان بەدەستەوە بووە، لە کاتێکدا ئەو پارتانە "پێیانوایە سەرچاوە سرووشتییەکانی وڵات گەنجینەن و دەتوانن لە نێوان خۆیاندا دابەشیبکەن."
هەڵبژاردنێکی دیکە دەکرێت؟
بەڵام پاڵپشتیی لایەنێکی گرنگ لەم حکومەتە ساوایەدا کەمە، کە ئەویش رەوتی سەدرە. گرژییەکانی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەدر لە کۆتایی ئاب گەییشتنە لووتکە، کاتێک زیاتر لە 30 لایەنگری سەدر لە پێکدادانەکانی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی چوارچێوە و سوپادا کوژران.
سەدر چەندین جار داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی کرد، بەڵام چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیویست دڵنیابێتەوە لە هەبوونی حکومەتێک پێش ئەوەی دەنگدانێکی دیکە بکرێتەوە.
سوودانی بەڵێنی داوە "لە ماوەی سێ مانگدا یاسای هەڵبژاردن هەموار بکاتەوە و لە ماوەی یەک ساڵدا هەڵبژاردن رێکبخات،" ئەوەش وەکو وەڵامێکی دیار بۆ داواکارییەکانی سەدر.
ئیحسان شەمەری، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بەغدا دەڵێت، سازشکردن بۆ سەدر دەتوانرێت "سەقامگیرییەکی رێژەیی" بەرقەرار بکات.
پێچەوانەی ئەوە، لەهیب هیگڵ، لێکۆڵینڤانی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی پێیوایە "پارتەکانی پشت حکومەتی ئێستا حەزیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت نییە" و دیاریکردنی ماوەی "ساڵێک راستبینانە نییە."
بەڵام شەمەری ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر سەدرییەکان هەست بە "پەراوێزخستن" بکەن یان وا هەست بکەن "پلانێک بۆ لەباربردنی ئاییندە سیاسییەکەیان هەیە،" ئەوا "کاردانەوەی زۆر تووند"یان دەبێت.
سیاسەتی نێوخۆ یان دەرەوە؟
سوودانی گوتوویەتی دەستبەجێ کارلەسەر بەرەوپێشبردن و باشکردنی ئەو شتانە دەکات کە "کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە."
لە کاتێکدا کە هێشتا بیرەوەرییەکانی خۆپێشاندانی بەرفراوانی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 دژی گەندەڵی کاڵنەبوونەتەوە، هەر رۆژی هەینی، سەتان کەس بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی حکومەتی نوێ لە شاری ناسرییە گردبوونەوە.
لە رووی سیاسەتی دەرەوە، سوودانی بەڵێنی داوە رێگە نەدات عێراق ببێتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکانی دیکە. هەروەها رایگەیاندووە کە عێراق نابێتە بەشێک لە ململانێی کۆنی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و لە بری ئەوە، دەبێتە شوێن سیاسەتی "دۆستایەتی و پێکەوەکارکردن لەگەڵ هەمووان".
هیگڵ پێشبینی دەکات سوودانی "پرسە نێوخۆییەکانی وەک بێکاری، کەمی ئاو و کارەبا، بکاتە کاری لەپێشینەی خۆی لە بری ئەوەی سەرنج بخاتە سەر سیاسەتی دەرەوە."
خانمە لێکۆڵینڤانەکە دەشڵێت، لە عێراقێکدا کە زۆر پێویستی بە وەبەرهێنانی بیانی هەیە، سوودانی "هەوڵدەدات هاوسەنگی لە نێوان رۆژئاوا و ئێراندا بپارێزێت،" وێڕای ئەوەی کە بنکە جەماوەرییە پشتیوانکارەکەی، لە پارتەکانی لایەنگری ئێرانن، بەڵام شەمەری دەڵێت رەنگە بە دیهێنانی "هاوسەنگی" لە نێوان هێزە دەرەکییەکاندا لە عێراقدا کە زوو زوو دەکەوێتە بەر هێرشەکانی تورکیا و ئێران، بەس نەبێت، بۆیە پێویستە عێراق "سەرەتا داوا بکات رێز لە سەروەرییەکەی بگیرێت و دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیدا نەکرێت."