چالاکوانان لە بەغدا دژی هەمواری یاسای باری کەسی وەستانەوە
رووداو دیجیتاڵ
چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گۆرەپانی تەحریر لە بەغدا ناڕەزایەتییان دژی هەمواری یاسای باری کەسی دەربڕی، کە ئێستا مژاری گەرمی نێو پەرلەمانی عێراقە.
بەشێکی شیعەکان بەتایبەتی دەیانەوێت هەمواری یاساکە بکەن و هەر ژن و پیاوێکی عێراقی لەکاتی هاوسەرگیریدا بتوانن مەزهەبیان دیاری بکەن. بەمەش ئەگەر مەزهەبی جەعفەری بە نموونە وەربگیرێت، دەتوانرێت کچ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەشوو بدرێت و کوڕیش لە تەمەنی 15 ساڵیدا هاوسەرگیری بکات.
زەینەب جەواد، چالاکوانە و لەنێو گردبوونەوەکەی گۆڕەپانی تەحریردا بە رووداوی گوت، "ئێمە ئەم هەمواری یاسایە بەهەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و وەک بۆمبێک دەیبینین، ئەمە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتا و کارەساتە بۆ وێرانکردنی ئەم کۆمەڵگەیە. ئەو یاسایە ژن بێبەش دەکات لە مرۆڤبوون، بیبەشی دەکات لە هەموو مافێک، ژن وا لێدەکات تەنیا ئامرازێک بێت بۆ سێکس و مناڵخستنەوە."
هەر بەپێی هەموارەکە؛ لەکاتی بوونی ناکۆکی لەنێوان هاوژیناندا لەسەر مەزهەب، کە لەسەر بنەمای ئەو مەزهەبە هاوسەرگیری کراوە، مەزهەبی پیاو وەردەگیرێت، هاوسەرگیری پیاو لەگەڵ ژنی دووەمیش تەنیا رەزامەندیی دادوەری دەوێت.
ماهر رەجەب، چالاکوانێکی دیکە لە بەغدا دەڵێ "دژی ئەو تێکدانەوە وەستاینەوە، ئەمە هەموارکردن نییە، بەڵکو تێکدانی کۆمەڵگەی عێراقییە، دەبوو چەندین شتی دیکە لە پێشینەی کارەکانیان بووایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە راستەقینەکان، کێشەی ماددەی هۆشبەر، کێشەکانی مافی مرۆڤ، کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری، تەنانەت ناتوانن کارەبا چاکبکەن."
بەپێی هەمواری یاساکە، ئەوانەی پێشتر هاوسەرگیریان کردووە و مەزهەبیان دیاری نەکردووە دەتوانن داوایەک پێشکەشی دادگە بکەن بۆ ئەوەی ئەو مەزهەبە دیاری بکەن کە دەیانەوێت حوکمەکانی بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت.
هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاساکە دواخراوە، بەڵام هێشتا بەشێکی پەرلەمانتارە شیعەکان رژدن و دەیانەوێت بەزوویی ئەو پرسە لە پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە بەبێ گوێدانە کاردانەوەکان لەسەر ئاستی نێوخۆی و دەرەوەش.