لە عێراق 400 هەزار کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران هەبوو

 
رووداو - بەغدا

رۆژی هەینی باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا جمەی دەهات لە دەنگدەران؛ سەدان ئێرانی روویان کردە بنکەکانی دەنگدان و بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وڵاتەکەیانیان کرد.
 
حەورە عەلی کوردی فەیلییە، بەڵام ناسنامەی وڵاتی ئێرانی هەیە و بەشداریی پرۆسەکەی کردووە؛ هیوای ئەوەیە سەرۆککۆماری داهاتووی ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق بەهێزتر بکات. ئەو دەڵێت، "ئینشائەڵڵا هیوادارین ئەو ئاغایە کە دەنگم بۆی دا، بیری بەردەوام لای ئەوە بێت کە هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق بکات و پەیوەندییەکان بەهێز بکات." قسەکانی حەورە قسەی بەشێکی زۆری دەنگدەرانی دیکەش بوو.
 
دایکی عەلی، دەنگدەر دەڵێت گوتی، "پەیوەندییەکان بەهێزن، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئێرانی و عێراقییەک نییە، ئێمە خوشک و براین، پشتیوان بە خوا بە برایەتی دەمێنینەوە؛ ئەمە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت جیاکاری لەنێوان عێراق و ئێران دروست بکەن."
 
هەرچەندە هیچ ئامارێک لای باڵیۆزخانەی ئێران نییە سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەرانی ئێرانی لە عێراق، بەڵام 400 هەزار عێراقی هەن کە رەگەزنامەی ئێرانییان هەیە و مافی بەشداریکردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن پێدراوە.
 
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، "ئامارێکی تەواوەتیمان لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەرانی ئێران لە عێراق، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ پرۆسەکەمان بەڕێوەبردووە، چەندین بنکەی دەنگدانمان کردووەتەوە لە شارەکانی عێراق بۆ ئەو ئێرانییانەی بە بەردەوامی لێرە دەژین، هەروەها لەگەڵ زیارەتکارانی عەتبە پیرۆزەکان کە بە دەیان هەزار دەنگدەر دەبن."
 
جگە لە هەولێر و سلێمانی، دوو بنکەی دەنگدان لە بەغدا، چوار بنکە لە کەربەلا، دوو بنکە لە نەجەف، یەک بنکە لە سامەڕا، یەک بنکە لە میسان، بنکەیەکیش لە ناسریە بەڕووی دەنگدەراندا کرابوونەوە.