شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی کوردستان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە بەغدان

رووداو دیجیتاڵ 
 
شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی هەموو گەنمی جووتیاران لە بەغدان. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت: "بڕیارە سبەی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بکەن."
 
رۆژی یەکشەممە، 28-05-2023 هیوا عه‌لی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ کە پێکدێن لە زیدا محه‌ممه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پلاندانان و رزگار حەمە خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە بەغدان بۆ ئەوەی پەیامی وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە بەغدا بگەیێنین."
 
بە گوتەی هیوا عەلی، "بڕیارە سبەی شاندەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بکەن و داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بکەن هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت."
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێڕاق بۆ ئەمساڵ تەنیا 375 تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، لەکاتێکدا هەموو گەنمی جووتیارانی عێراق وەردەگرێت، ئەوەش ناڕەزایەتیی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتووەتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بڕیاری کۆتایی لەوبارەوە دەدرێت." 
 
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی یەکشەممە، 28ـی ئایار بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقە کە چەند رۆژێکە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ لە هاوئاهەنگیی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران."
 
هیوا عەلی دەڵێت، یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەکات، "رێگریکردنە لە رۆیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بڕیارە لەوبارەوە داوا لە عێراق بکەن سنوورەکان بۆ جووتیاران بکەنەوە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان ساخ بکەنەوە."