فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا: نۆ کەس لە ستافی بەڕێوەبردنی هۆڵەکەی حەمدانیە دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا دەڵێت، نۆ کەس لە ستافی بەڕێوەبردنی هۆڵەکەی حەمدانیە دەستگیرکراون و خاوەنی هۆڵەکەش هەڵهاتووە، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن بۆ دەستگیرکردنی.
شەوی رابردوو ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا کەوتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.
رۆژی چوارشەممە، 27-09-20253، عەبدوڵڵا رەمەزان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای نەینەوا لە شوێنی رووداوەکەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە 87 کەس گیانیان لەدەستداوە و 136 کەس بریندار بوون؛ 15 بریندار بۆ هەولێر و 20 کەسی دیکەش بۆ دهۆک گوێزراونەتەوە و 101 کەسیش لە نەخۆشخانەی نەینەوا چارەسەر وەردەگرن".
بەگوتەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، "هۆکاری رووداوەکە بەکارهێنانی یاریی ئاگرین بووە بەشێوەیەکی نائاسایی لەنێو هۆڵەکەدا. بەکارهێنانی یاریی ئاگرین لە دەرەوەی هۆڵەکانیش نایاساییە چی بگاتە نێو هۆڵەکان و ئەوەش بووەتە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگر و کەوتنی سەقفی هۆڵەکە بەسەر خەڵکیدا".
عەبدوڵڵا رەمەزان دەڵێت، "هەموو ئەوانەی کەمتەرخەمییان کردووە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. تاوەکو ئێستاش نۆ کەس لە بەشی کارگێڕی هۆڵەکە (ستافی بەڕێوەبردنی هۆڵەکە) دەستگیرکراون و خاوەنی هۆڵەکەش هەڵهاتووە. پەیوەندیمان بە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی هاوکاریمان بکەن بۆ دەستگیرکردنی."