داوایەکی عێراق بۆ لابردنی ئاڵای ئیسرائیل لە ئۆڵیمپیاد رەتکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شاندی ئۆڵۆمپیی عێراق رایگەیاند، داوایەکیان بۆ لابردنی ئاڵای ئیسرائیل لە تەنیشت ئاڵای عێراق لە ئۆڵیمپیادی پاریس رەتکراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، لە یاریی تۆپی پێی پیاوانی نێوان هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردەی ئۆکراینا، لەنێو یاریگە، ئاڵای ئیسرائیل لە تەنیشت ئاڵای عێراق دانرابوو.
هێردە رەئووف، سەرۆکی شاندی ئۆڵیمپیی عێراق رایگەیاند "کە گەیشتینە یاریگەی لیۆن، بینیمان ئاڵای عێراق لە تەنیشت ئاڵای ئیسرائیل دانراوە" وێڕای ئەوەی تیمی ئیسرائیل هیچ یارییەکی لە لیۆن نییە.
عێراق بەهۆی پرسی فەلەستین، دان بە ئیسرائیل دا نانێت.
هێردە رەئووف باسی لەوە کردووە، داوایان لە لیژنەی نێودەوڵەتیی ئۆڵیمپیاد کردبوو ئاڵای ئیسرائیل لاببەن یان لە شوێنێکی دیکە دایبنێن، بەڵام داواکەیان رەتکرابووەوە.
لیژنەکە رایگەیاندبوو، ئاڵای وڵاتان لە یارییەکانی تۆپی پێی ژنان و پیاوان دا بە گوێرەی ریزبەندیی ئەلفوبێی ناوەکانیان دادەنرێن.
پێش یارییەکەی ئەمڕۆش کە 3 بە 1 بە ئەرجەنتین دۆڕا، عێراق بە ئیمەیل هەمان داوای لە لیژنەی نێودەوڵەتیی ئۆڵیمپیاد کردبوو، بەڵام جارێکی دیکە رەتکرایەوە.
هێزە ئەمنییەکانی فەرەنسا یارییەکانی رۆژی چوارشەممەی عێراق - ئۆکراینا و ئیسرائیل - مالی بە مەترسیدار دانابوون. بۆ ئەو مەبەستە هەزار پۆلیس خرابوونە ئاستی ئامادەیی بەرزەوە بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی پشێوی بکەن لە یاریی ئیسرائیل بەرامبەر مالی، کە هاندەرانی مالی، ئاڵای فەڵەستینیان بەرزکردبووەوە.
لیژنەی ئۆڵیمپیی فەلەستین داوای لە لیژنەی نێودەوڵەتیی ئۆڵیمپیاد کردبوو بەشداریکردنی یاریزانانی ئیسرائیل قەدەخەبکات، بەڵام داوەکەی رەتکرایەوە.