سەرچاوەیەک بۆ رووداو: هەفتەی داهاتوو مووچە لە بەغداوە دەگات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەکی نێو کۆبوونەوەکەی هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی دوایین رێککەوتنی هەردوولا، لە بودجەی گشتی، بۆ لەمەودوا مانگانە 906 ملیار دینار بۆ مووچە دەدرێتە هەرێمی کوردستان. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی تەممووزی 2023، سەرچاوەیەکی نێو کۆبوونەوەی شاندی هەولێر و بەغدا بە رووداوی گوت، ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە تەرخاندەکرێت. لە بەرامبەردا جگە لەوەی لە یاسای بودجە چارەنووسی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکە یەکلایی کراوەتەوە، هەرێمی کوردستان پابەندکراوە بە رادەستکردنی سەرجەم داهاتە نانەوتییەکان بە حکومەتی عێراق بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی کە دواتر 50٪ی بۆ حکومەتی عێراق و 50٪ی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردووە بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق سەرجەم ئەو پشکەی لە بودجەدا بۆیان دیاریکراوە، کە 10 ترلیۆن و 867 ملیار دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە بە یەکجار بخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاشان پاکتاوی ئەو قەرزانە لەرێگەی لیژنەکانەوە بکرێت کە لە مانگەکانی رابردوودا رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە. بۆ ئەم دواکارییە وەزارەتی دارایی عێراق پێی راگەیاندوون ئەمە دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری لەبارەوە بدات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەفتەی داهاتوو لە رێگەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە 906 ملیار بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.