لایەنەکانی چوارچێوەی ھاوئاھەنگی لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ناکۆکن

 
رووداو - بەغدا

لەپاش کشانەوەی موقتەدا سەدر، لێکترازان و ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانیش دەستی پێکردووە، تەنانەت کاریگەریی لەسەر چوارچێوەی ھاوئاھەنگییش ھەبووە، بەشێکیان لەگەڵ ئەوەدا نین ئەم قۆناخە بەبێ سەدر بەڕێبکەن.
 
دوایین ناکۆکی و ململانێی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھاوئاھەنگی لەسەر پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانە، ئەویش پاش دەستلەکارکێشانەوەی حاکم زاملی.
 
ئەحمەد ئەسەدی، بەربژێری فەتح؛ عەتوان عەتوانی، بەربژێری دەوڵەتی یاسا و عەدنان فیحان لە عەسائیب ئەھلل حەق، کە ھەر سێکیان ھاوپەیمانن، شەڕی بەدەستهێنانی ئەو پۆستەیان دەستپێکردووە.
 
عائد ھیلالی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "بۆچوونێکی یەکگرتوو لەسەر ئەو بابەتە نییە، بەڵام ئەم قۆناخە دەخوازێت کە ھاوبەشەکان رێککەوین لەسەر کەسانێکی شایستە و شیاو بۆ سەرجەم پۆستەکان، ئێستا ماراسۆنێکی زۆر باش ھەیە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان؛ ھەروەھا بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی دیکە و پلە تایبەتەکانیش، بەڵام بابەتەکە ئاڵۆزە و ئاسان نییە."
 
پێشتر چوارچێوەی ھاوئاھەنگی رایگەیاند، لەسەر ئەحمەد ئەسەدی رێککەوتوون تاوەکو شوێنی حاکم زاملی پڕبکاتەوە، بەڵام دواتر بەھۆی ناکۆکییەکان ئەو پرسەیان راگرت، لەپاش کۆتاییهاتنی پشووی یاسادانان دەبێت ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام دیار نییە چانسی کامیان زیاترە لە کاتێکدا ناکۆکیی قووڵ ھەیە.
 
خالید سەرای، ئەندامی ھاوپەیمانیی فەتح ئاماژە بەوە دەکات، "لێکتێگەیشتن ھەیە لەسەر دیاریکردنی کەسێکی شیاو بۆ قۆناخی داھاتوو و وەرگرتنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام ئێستا پشووی پەرلەمانە و پاش کۆتاییهاتنی پشوو ئەنجوومەنی نوێنەران رێوشوێنەکانی خۆی تەواو دەکات تاوەکو بگەینە چارەسەرێکی راستەقینە بۆ سەرجەم کێشەکان و دواجار رەزامەندیی کۆمەڵگەی بەدوادا بێت."
 
گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی ھاوئاھەنگی لەگەڵ یەکێتی و عەزم لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکاتەوە بە ئامانجی تەواوکردنی رێوشوێنەکانی پێکهێنانی حکومەت، بەڵام ھێشتا ناکۆکی لەسەر بەربژێرانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی نەھاتووە.