تیکتۆک بۆ رووداو: پابەندین بە کارکردن لەگەڵ دامودەزگەکانی عێراق بۆ بەهێزکردنی رێکارە ئەمنییەکانمان
رووداو دیجیتاڵ
تیکتۆک بە رووداوی راگەیاند، ئەوان "پابەندن بە کارکردن لەگەڵ دامودەزگەکانی عێراق بۆ بەهێزکردنی رێکارە ئەمنییەکان" و سڕینەوەی ئەو ڤیدیۆیانە لە ئەپەکەیان کە یاساکانی ئەپەکە پێشێل دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی رابردوو هیام یاسری، وەزیری گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی کردووە ئەپی تیکتۆک قەدەخە بکات، لەبەر ئەوەی بە بڕوای خۆی، تیکتۆک بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی "ناشیاو" بەکاردەهێندرێت.
لەوبارەیەوە رەغدە عەزەب، گوتەبێژی تیکتۆک لە وەڵامی ئیمەیڵێکی رووداو دا گوتی، "هێشتنەوەی ژینگەیەکی سەلامەت و ئەرێنی، شتێکی سەرەکییە بۆ سوود بینین لە تیکتۆک." هەروەها دەشڵێت، "ئێمە کۆمەڵێک تەکنەلۆجی و ستراتیجیی چاودێریکردن بەکاردەهێنین بۆ دۆزینەوە و پێداچوونەوەی ئەو بابەتانەی مەرج و یاساکانمان پێشێل دەکەن."
بە گوێرەی داتاکانی کۆمپانیای بایت دانسی چینی، کە خاوەنی تیکتۆکە، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئەپەکەیان لە عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵ گەیشتووتە 31 ملیۆن و 950 هەزار کەس، کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە.
عەزاب دەڵێت، "ئێمە پابەندین بەوەی لە نزیکەوە بەردەوام بین لە کارکردن لەگەڵ دامودەزگەکانی عێراق بۆ بەهێزکردنی رێکارە ئەمنییەکان بۆ کۆمەڵگەی [بەکارهێنەرانمان] لە عێراق."
قسەکانی وەزیری گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە بارەی تیکتۆکەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هاتن، کە تیێدا باسی لە کاریگەریی قەدەخەکردنی ماڵپەڕی فیلمە رووتەکان کرد لە عێراق و ئاماژەی بەوە کرد، هەمان رێکار دژی ژمارەیەک ئەپ دەگرنەبەر، لە نێویاندا تیکتۆک، ئەمەش وێڕای ئەوەی ئەپەکە رێگە بە بڵاوکردنەوەی دیمەنی رووت نادات.
گوتەبێژەکەی تیکتۆک لە وەڵامەکەیدا بۆ رووداو رایگەیاند، نوێترین راپۆرتی چەسپاندنی یاسا و رێنوێنییەکانیان پێشانی دەدات کە ئەوان "چالاکانە بابەتە پێشێلکارەکانیان لە عێراق سڕیوەتەوە." دەشڵێت، "تەنیا لە ئۆکتۆبەر تاوەکو دیسێمبەری 2023، ئێمە کۆی گشتیی 4 ملیۆن و 888 هەزار و 491 ڤیدیۆمان سڕیونەتەوە،" کە لە سەرانسەری جیهان بڵاوکراونەتەوە.
وەزیری گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق باسی لەوە کردبوو کە وەزارەتەکەیان تیمێکی تەکنیکی تایبەتمەندی هەیە بۆ بلۆککردنی ماڵپەڕە پۆرنۆگرافییەکان، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردبوو کە قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ رووتەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکان زەحمەتە، چونکە ئەوە لە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای ئەو تۆڕانەدایە و پێویست بە هەبوونی هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری ئەو کۆمپانیایانە لە ناوچەکەدا دەکات.
یاسری باسی لەوە کرد، بۆ قەدەخەکردنی ئەو جۆرە بابەتانە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئامێری پێشکەوتوو هەیە کە دەتوانێت گەڕانی قووڵ ئەنجامبدات و ئەو ڤیدیۆیانە بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی لاببرێن، بەڵام وەزارەتەکەیان ئەو ئامێرەیان نییە، بۆیە داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانکرد، بودجەی وەزارەتەکە زیادبکەن بۆ ئەوەی بتوانێت توانا تەکنیکییەکانی خۆی بەرەوپێش ببات.
هەوڵەکانی وەزارەتەکە لە کاتێکدان کە بە گوتەی یاسری، عێراق لە لووتکەی لیستی ئەو وڵاتانەدا نەماوە کە زۆرترین بینەری فیلمە رووتەکانیان هەیە.
بە گوتەی خامە وەزیرەکە "ژمارەی سەردانی ماڵپەڕە پۆرنەکان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو زیاتر لە نیو ملیار سەردان بوو،" بەڵام لە شوباتی ئەمساڵ، ئەو ژمارەیە بۆ 89 ملیۆن سەردان دابەزیوە."
قەدەخەکردنی تیکتۆک لە وڵاتانی دیکە
تیکتۆک کە لە سەرانسەری جیهان زیاتر لە 900 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، لە لایەن ژمارەیەک وڵاتەوە بە هۆکاری جیاجیا قەدەخەکراوە.
ساڵی 2020، پاکستان بە تۆمەتی بواردان بە بڵاوکردنەوەی "بابەتی بەدڕەوشتانە و ناپەسەند" تیکتۆکی قەدەخەکرد.
هیندستانیش لە نێوەڕاستی ساڵی 2020 بە تۆمەتی گواستنەوەی زانیاریی بەکارهێنەران بۆ چین، تیکتۆکی قەدەخەکرد کە لە لایەن کۆمپانیای بایت دانسی چینییەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
لە ساڵی 2022 تاڵیبان بە هۆی "گومڕاکردنی گەنجان" ئەو ئەپە و یاریی پەبجیی قەدەخەکردن.
سۆماڵیش بە هۆی "بڵاوکردنەوەی بابەتی ناشیاو" لە ساڵی 2023 تیکتۆک و تەلەگرامی قەدەخەکردن. نیپالیش لە هەمان ساڵدا هەمان هەنگاوی بەرامبەر تیکتۆک گرتەبەر لەسەر ئەوەی کە ئەپەکە "شیرازەی کۆمەڵگەی" وڵاتەکەی تێکداوە.
ئوسترالیا، بەلجیکا، کەنەدا، یەکێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، تایوان، نەمسا، نیوزیلاند، بەریتانیا و ئەمریکا بەکارهێنانی ئەپەکەیان تەنیا لەسەر ئامێرە حکومییەکان قەدەخەکردووە.
ئێستاش ئەمریکا لە کۆنگرێسەوە هەوڵی قەدەخەکردنی تەواوەتیی ئەپەکە دەدات چونکە پێیوایە ئەپەکە سیخوڕی بۆ چین دەکات.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە پڕۆژە یاسایێکی بۆ ئەو مەبەستە پەسەندکردووە. ئەگەر لە ئەنجوومەنی پیرانیشەوە پەسەند بکرێت ئەوا بایت دانس 180 رۆژی لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەوەی ئەپەکە بە کۆمپانیایێکی ئەمریکی بفرۆشێت پێش ئەوەی قەدەخەبکرێت.