کۆچ و کۆچبەرانى عێراق: 126 عێراقی نیشتەجێی سووریا لە ئیبراهیم خەلیلەوە گەڕێندرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەڵێت، قۆناخ بە قۆناخ هاووڵاتییانیان لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەتی لە سووریا دەگەڕێننەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هاوئاهەنگییان لەگەڵ حکومەتی تورکیا کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەلی جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بە فەرمانی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، ئەمڕۆ 126 هاووڵاتیی عێراقی لە ناوچەکانی گرێسپی، سەرێکانی، ئیدلب و عەزازەوە لە رێگەی سنووری نێوان عێراق – تورکیا گەڕێندرانەوە بۆ عێراق."
عەلی جیهانگیر دەڵێت، "ئەو هاووڵاتییانە خەڵکی سەلاحەدین، نەینەوا، ئەنبار و کەرکووک بوون، گەڕاندنەوەشیان لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتەکەمانە بۆ هاندانی سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەمان کە لە وڵاتانی دەوروبەردا نیشتەجێن کە لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان. لە دوو رۆژی داهاتووشدا کۆمەڵێک هاووڵاتی دیکەش دەگەڕێنینەوە."
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران ئاماژە بەوەش دەکات، "زۆرێک لەو هاووڵاتییانەمان لەدوای 2014ـەوە ئاوارە بوون، گەڕاندنەوەشیان لە رێگەی تورکیا و دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بە هاوئاهەنگیی باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا، کۆنسووڵخانەی عێراق لە غازی عەنتاب، وەزارەتی گواستنەوە و لقی وەزارەتەکەمانە لە دهۆک."
ژمارەی عێراقییەکانی نێو خاکی سووریا دیارنییە، بەڵام دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق داوای لەو هاووڵاتییە عێراقیانە کرد کە خواستی گەڕانەوەیان هەیە، پەیوەندی بە باڵیۆزخانەوە بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی ناوەکانیان و گەڕاندنەوەیان.