کاردیناڵ لویس ساکۆ: عێراق دەوڵەتێکی ئایینی شێوێندراوە
رووداو دیجیتاڵ
کاردیناڵ لویس رافائێل ساکۆ، پاتریارکی کلدانییەکان لە عێراق و جیهان، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو، کە بۆ بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ) کراوە، باسی رەوشی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو دەڵێت، مەسیحییەکان لە عێراق چەوساوەن و لە هەرێمی کوردستان رێزلێگیراون. لەبارەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکانیش بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەڵێت "پاپا بە بایەخەوە دەڕوانێتەوە هەولێر". رەوشی ئێستای عێراق بەگشتیی وەک لویس ساکۆ دەڵێت بۆ مەسیحییەکان جێی ئومێد نییە و "بەشێکی زۆریان بەهۆی زوڵم کۆچیان کردووە". هەروەها عێراق بە "دەوڵەتێکی ئایینی شوێندراو" وەسف دەکات.
رووداو: سەرەتا لە دۆخی کریستیانەکانی عێراقەوە دەستپێدەکەین، ئایا دۆخیان چۆنە و ئێوە لێی رازین؟
کاردیناڵ لویس ساکۆ: دۆخی گشتیی لە عێراقدا هێشتا ناسەقامگیر و دڕدۆنگە، لە لایەنی سیاسی و لایەنی ئاسایش و لایەنی تەندروستی، هەروەها لایەنی ئابووریش. هەموو عێراقییەکان بەدەست ئەم دۆخە تۆقێنەرەوە دەناڵێنن، چونکە زیاتر لە 17 ساڵە لە 2003ەوە تاوەکو ئەمڕۆ، سەقامگیریی و ئاسایش نییە، هەروەها ئابووری بەرزونزم دەکات. تەنانەت سیاسییەکان روانگەیەکی روونیان نییە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی نوێی هاوچەرخ و مەدەنی کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون دروستکرابێت، نەک لەسەر بنەمای تایفییەت و بەشبەشێنە و تەنانەت پێکهاتەکانیش.
بێمانایە ئێمە وەک پێکهاتە و تایفە سەیربکرێین، ئێمە هاووڵاتین و ئەوە بەسە کە هاووڵاتی بین. بەواتای بنەمای راست و تەندروست نییە بۆ بونیادنانی دەوڵەت، وەک ئەوە وایە ئێمە لە کۆمەڵێک دەوڵەتۆچکەدا بین کە پێکەوە بەستراوەتەوە، پێکەوەبەستنێکی بەزۆر، بەبێ ئەوەی پێکەوەبەسترانێکی سروشتی بێت. من لێرەدا باسی هەمووان دەکەم لەسەر ئاستی عێراق هەمووی، ئەمەش وایکردووە خەڵک لە خۆیان دڵنیا نەبن، بەتایبەت مەسیحییەکان لە دەشتی نەینەوا و لە بەغدا، زۆریان چەشت بەدەست رفاندن و کوشتن و تەقاندنەوەی کەنیسەکانیان و زەوتکردنی ماڵ و موڵکەکانیان و دواتریش لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا، داعش دەریکردن و هەموو ماڵ و کەنیسە و قوتابخانەکانی وێرانکردن.
مەسیحییەکان لە دەشتی نەینەوا و لە بەغدا لە چارەنووسیان دڵنیا نین
ئەوان ماوەی سێ ساڵ و نیو لە دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان مانەوە و کاتێکیش مووسڵ و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ئازادکرا، ئەوان گەڕانەوە، بەڵام حکومەت هەرگیز هیچی بۆ نەکردن، لە کاتێکدا کەنیسە بەپێی توانای خۆی هەموو شتێکی کرد بۆیان، هەروەها لەرێگەی رێکخراوە مەسیحییە کاتۆلیکییەکانەوە. هەروەها کەنیسەکانمان لەدەرەوە هاوکارمان بوون و گوندەکانمان ئاوەدانکردنەوە و خەڵکیش گەڕانەوە سەر ناوچەکانی خۆیان.
لێرەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی هەرێمی کوردستان بکەم، چونکە زیاتر لە 120 هەزار مەسیحی لە مووسڵ و شارۆچکەکانی دەشتی نەینەوا ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و لەوێ مانەوە، ئەوان هەموو ئەوەیان بۆ کردن کە لەدەستیان دەهات، بۆیە ئێمە سوپاسگوزاریانین، بەپێچەوانەی حکومەتەوە کە هیچی بۆ نەکرد، تەنانەت ئەو ملیۆنەی بڕیاربوو بدرێتە ئاوارەکان، ئەوان وەریان نەگرت.
حکومەت هیچی پێشکەشنەکرد، چونکە گەندەڵی هەیە، گەندەڵی بە هەموو جومگەکانی دەوڵەتدا بڵاوبووەتەوە. من چاوم بە سەرۆکوەزیرانی پێشوو کەوت، ئەو پێیگوتم، پارەمان نییە، ئەمڕۆش ئەوەی نوێ، بەهەمان شێوە گوتی پارەمان نییە و ملیۆنێک دۆلار لە گەنجینەکەماندا هەیە کە ناتوانین مووچەی خەڵک بدەین. هەموو هۆکارەکە گەندەڵییە، چونکە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بابەتەکە بێویژدانییە، ویژدان بوونی نییە، ئەمە پارەی گشتییە و هی من و هی تۆ نییە، من مافی ئەوەم نییە دەستدرێژبکەم بۆ ماڵی گشتی و بیدزم، ئەمە تاوانە، بەداخەوە رۆشنبیریی لەو بابەتەدا نییە،
هەروەها بەبیانووی مەزڵوومبوونەوە هەموو شتێک دەکەن تەنانەت تۆڵەکردنەوەش، لەجیاتی ئەوەی روو بکەنە دادگاکان و داوای مافەکانیان بکەن. ئەو خەڵکانەش کە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی دەشتی نەینەوا، ناسەقامگیر و نادڵنیان لە داهاتووی خۆیان.
حکومەتی عێراق هیچی بۆ نەکردین، ئێمە سوپاسگوزاری هەرێمی کوردستانین
کێشەکە، کێشەی متمانەیە، ئەوان متمانەیان نەماوە، متمانەیان بەو دراوسێیانەی خۆیان نەماوە کە هاتن و پارەکانیان دزین و ماڵەکانیان تاڵانکردن، تەنیا داعش ئەمەی نەکردووە. جیا لەمەش بونی میلیشیاکان، جا لەژێر هەر ناوێکدا بن لەم ناوچەیەدا، بەرتیل و سەرانە بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن، هەندێکجار هەڕەشە دەکەن و هەندێکخار ماڵوموڵکی خەڵک زەوت دەکەن بەشێوەیەک لە شێوەکان.
پێشتر جگە لە مەسیحی لە ناوچەکەدا نەبوون، چ قەرەقووش یان کەرملێس، بەرتللە و هێڵی تلکێف بۆ ئەلقووش، هەروەها ئەوکات تەنیا فەرمانبەر هەبوون، ئەوەش قبوڵکراوبوو، بەڵام ئێستا وەک ئەوە وایە جۆرێک لە هەڵکشان بەرەو ناوچەکە روویدابێت، بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و ئەوەش خەڵکی خستووەتە دڵەڕاوکێ.
رووداو: بۆ هێورکردنەوەی ئەو دۆخەو گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ دەشتی نەینەوا زۆرجار داوای بە پارێزگابوونی دەشتی نەینەوا دەکرێت، ئێوە پێتانوایە بە پارێزگابوونی ئەو ناوچانە دۆخی کریستیانەکان سەقامگیر دەبێت؟
داوای پارێزگا بکەین دەبینە قۆچی قوربانی
کاردیناڵ لویس ساکۆ: ئێمە بەبێ پارێزگایەکی سەربەخۆ زوڵملێکراوین، هەمووان بەسەرماندا زاڵن، ئێمە وەک پێکهاتەیەکی لاواز دەبینن، چونکە میلیشیامان نییە، عەشیرەت و هۆزمان نییە تاوەکو بەرگریمان لێبکات، تەنانەت حیزبیشمان نییە بەمانا راستەقینەکەی، تاوەکو بتوانێ بەرگری لە مافەکانمان بکات. بەم دۆخە ناسەقامگیرە و ململانێ زۆر تووندەکان، پێموایە نادانایانەیە ئێمە لەم کاتەدا داوای خۆسەری یان پارێزگایەک بکەین، چونکە دەبینە قۆچی قوربانیی نێوان ئەوانەی ململانێیان هەیە، بۆ ئێمە ئێستا باشترە بەمشێوەیە بژین لەگەڵ دراوسێکانمان و ئەوانەی لەگەڵماندان وەک هاووڵاتی، بەڵام تەنیا داوایان لێدەکەین، رێزمان بگرن و رێزی مافەکانمان بگرن، بمانپارێزن و ناوچەکانمان نەگۆڕن، هەروەها دەستدرێژیمان نەکەنە سەر. ئەمە باشترە، بەڵام ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ داوای پارێزگایەک بکەین یان شتێکی تایبەت بە مەسیحییەکان، ئەمە هەرگیز باش نییە، چونکە ئەوکات باجەکەی دەدەین، باجەکەشی گەورە دەبێت.
رووداو: ئەو مەترسیانەی ئێستا لەسەر کریستیانەکان لە عێراق بەگشتی هەن، چین؟
کاردیناڵ لویس ساکۆ: گەورەترین مەترسییەکان دەستدرێژییە، هەڕەشە لەسەر مەسیحییەکان هەیە، هەروەها هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافی هەیە، پەراوێزخستن و پشتگوێخستن هەیە، تەنانەت دەستگرتن بەسەر کۆتا یان وەزارەتەکانیشدا هەیە، بۆیە ئەگەر وەزیرێک مەسیحی بێت، لایەنەکان بۆخۆیانی دەبەن، ئەویش لە کۆتاییدا دوای کارنامەی کوتلە گەورەکە دەکەوێت، کە ئەوی بەربژێرکردووە یان ئەوی هەڵبژاردووە.
رووداو: بەشداریی کریستیانەکان لە دەمەزراوەکانی دەوڵەتدا چۆن دەبینی، بەشدارن لە بڕیارە گرنگەکاندا؟
کریستیانەکان بەشێوەیەکی تەندروست نوێنەرایەتی ناکرێن
کاردیناڵ لویس ساکۆ: بەراشکاوی، ئێمە بەشێوەیەکی تەندروست نوێنەرایەتی ناکرێین، لە حکومەتدا، چونکە نوێنەرەکانمان بەدەنگی کەسانی نامەسیحی هاتوون، بەهۆی دەنگی ئەو لایەنە سیاسییانەوە براوەبوون کە دەنگیان داونەتێ و ئەوانیش دوای کارنامەکانی ئەوان دەکەون.
رووداو: کەواتە پێتوایە ئەوانەی ئێستا لە پەرلەمانن و بە دەنگی کریستیانەکان هەڵبژێردراون نوێنەری کریستیانەکان نین؟
کاردیناڵ لویس ساکۆ: نەخێر، ئەوان نوێنەرایەتی ئەوانی دیکە دەکەن، نوێنەرایەتی ئێمە ناکەن، شتێکی گەورەیان پێشکێشی ئێمە نەکردووە، من نامەوێ ئەمە بگشتێنم بەسەر هەموواندا، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی.. با زۆر راشکاوبم لەگەڵتدا، یان نوێنەرایەتی شیعە دەکەن یان حەشد، چونکە ئەوان دەنگیان هێنا، یان نوێنەرایەتی کورد دەکەن کە ئەوان پشتگیرییان دەکەن، با نموونەیەک بهێنمەوە، یەکێک پەرلەمانتارە، لەسەر مووسڵ کەچی نازانێ مووسڵ چییە، یان ئەندامێکی ئافرەتە لەسەر کەرکووک کەچی نازانێت کەرکووک چییە، کەواتە ئەو چۆن نوێنەرایەتی مەسیحییەکانی کەرکووک دەکات یان باسی کەرکووک دەکات؟ ئەمە وەک نموونە.
ئێمە داوامانکرد، ئەو پەرلەمانتارەی دەیەوێت نوێنەرایەتی مەسیحییەکان بکات، با خەڵکە مەسیحییەکە دەنگی پێبدات، یان قەیناکە گرنگ نییە، بابچێتە ناو لیستێکی حیزبییەوە جا کوردی بێت یان شیعی یان سوونی، ئەو مەسیحییە بەس پەرلەمانتارێکی سوونییە یان کوردییە یان شیعییە، ئێمە ناڕەزایەتیمان لەسەر ئەمە نییە. لەوانەیە بەهێزتربێت، لەوەی بەناوی کۆتای مەسیحییەوە بێت و شتێکی ئەوتۆش پێشکێش نەکات.
تاکە لایەن کە بەرگری لە مەسیحییەکان کردووە، کەنیسەیە، بەڕاشکاوی بڵێم حکومەت راوێژمان پێدەکات، لە دۆخمان تێدەگات و ئێمەش هەموو خزمەتگوزارییەکمان پێشکێشی مەسیحییەکان کردووە تەنانەت ئێمە بەرگری لە مافەکانیشیان دەکەین، ئەگەر زوڵمێک هەبێت، ئێمە دەچین و چاومان بە بەرپرسەکان دەکەوێت، ئەگەر ماڵ هەبن و دەستیان بەسەرداگرتبێت، ئێمە دەچین هەوڵدەدەین بیگێڕینەوە، ئەگەر یاسا هەبن بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی مەسیحییەکان، ئەوە کەنیسە دەیکات، دەنا ئەوان هیچیان نەکردووە، بەپێچەوانەوە وەک فەرمانبەری دەوڵەت وان، کە سەر بەو لایەنانەن کە ئەوانیان هێناوە، نەک پێکهاتەی مەسیحی .
پەرلەمانتارە مەسیحییەکان نوێنەرایەتی ئێمە ناکەن و هیچمان بۆ ناکەن
رووداو: مەسیحییەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە لە دەستووردا مافەکانیان پێشێلکراون، لەم ماوەیەشدا هەوڵ هەبوو بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، ئیوە هەوڵتان نەدا داواکارییەکانتان بگەیێنن؟
کاردیناڵ لویس ساکۆ: بەڵێ ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتە نەک لەگەڵ پەرلەمانتارە مەسیحییەکان، چونکە ئەوان هیچ ناکەن، توانای ئەوەیان نییە هیچ شتێک بکەن، خۆیشیان هیچ پێشکێش ناکەن، ئازایەتی ئەوەیان نییە کە بەرگری بکەن، تۆ پێویستت بەکەسێکی ئازایە، کەسێک سەربەخۆ بێت و بەرگریت لێبکات، بەڵام ئێمە بەردەوام لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەین، سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئێمە بەردەوام پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە، بەڕاستی بابەتەکە پێویستی بە گۆڕانکاری لە دەستووردا هەیە، دەستوور دەستوورێکی بەپەلەیە و دادوەرانە نییە، راستیت دەوێ، باشتر وایە هیچت نەبێت، هاووڵاتییەک وەک هاووڵاتییان و با هەر هاووڵاتی بین.
من هەموو کات کاتێک دەیانەوێت یەکێکی مەسیحی ببێتە وەزیر پێیاندەڵێم موسوڵمانێک بێنن، خاوێن بێت و لێبڕاوبێت بۆ عێراق، ئەوە شەرەفمەندمان دەکات، بەڵام تۆ بچیت مەسیحییەک بهێنیت کە لاواز بێت و کارەکەی پێ بەڕێ بکەیت، بێگومان ئەمە خزمەت بەئێمە ناکات، هەروەها هەندێک یاسا هەن، بەڕاستی ئێمە داوای دەوڵەتێکی مەدەنی دەکەین، نە دەوڵەتێکی دینیمان دەوێت نە دەوڵەتێکی مەزهەبی. لە بنەمادا دین دەوڵەت دروستناکات، دین بونیادنراوە لەسەر بنەماکان، بنەما و میکانیزمەکان، راستییە جێگیرەکان، کەچی سیاسەت بەرژوەندییە، سیاسەت نیوەی درۆیە، بەڵام دین درۆ ناکات، کەواتە بۆچی دین بخەینە ناو سیاسەتەوە.
رووداو: -عێراق دەوڵەتێکی دینی و ئاینییە؟
پێم باشترە موسوڵمانێکی لێبڕاو بۆ عێراق ببێتە وەزیر، نەک مەسیحییەک کە هیچ نەکات
کاردیناڵ لویس ساکۆ: لە راستیدا بەڵێ هەمووی بەناوی ئاینەوە دەیکات، لە راستیدا هەموو ئەوەی دەکرێت بەناوی ئایینەوە دەکرێت، لەژێر پەردەیەکی ئایینیدا ئەنجامدەدرێت، بەسیاسیکردنی ئایین، شێواندنی ئایینە، ئەمە شێواندنی ئایینە، گەندەڵی.. ئەم هەموو گەندەڵییە ئایین چۆن قبووڵی دەکات، ئایین دەڵێت دزی مەکە، مەکوژە.
رووداو: ئێستا ژمارەی مەسیحییەکانی عێراق چەندە؟
کاردیناڵ لویس ساکۆ: ئێمە بەپێی سەرژمێرییە کۆنەکان، پێش رووخانی رژێم ملیۆن و نیوێک بووین، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەیەکی خەمڵێنراو، نیو ملیۆن کەسین، بەڵام من راستگۆ دەبم لەگەڵتدا، ژمارەی وردمان نییە، لەبەرئەوەی سەرژمێری نییە، ئێمە ناتوانین سەرژمێری بکەین، چونکە خەڵک پەرتەوازە بوون، لەوانەیە ئەم کارە لە هەرێم ئاسانتر بێت، چونکە گوند هەیە و کەسێک دەتوانێ بچێتە گوندەکان، بەڵام لە شارە گەورەکانی وەک بەغدا نا، ئێمە لە بەغدا ملیۆنێک بووین، ملیۆنێک بووین پێش رووخانی رژێم، لەگەڵ شەش ملیۆن دانیشتووی بەغدا، ئێمە یەک لە شەش کەس بووین، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر و کاریگەرییەکی زۆر بوو، زۆر لە پزیشکان و مامۆستایانی زانکۆ و بازرگانان و پیشەوەرەکان مەسیحی بوون، بەڵام ئەمڕۆ ئەوان بەهۆی زوڵمەوە کۆچیان کردووە.
رووداو: پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بە نموونەیی باسدەکرێت، بە بڕوای تۆ دەبێ چی بکرێت ئەو ئەزموونە بگوازرێتەوە بۆ عێراق؟
مەسیحییەکانی عێراق بەهۆی زوڵمەوە کۆچیان کردووە
کاردیناڵ لویس ساکۆ: ئێمە وا ئەژمار دەکرێین ئایینی چینی دووەم یان سێیەمین، تێڕوانینی میللیی بۆمان خۆش نییە، ئەمەش هەروەها پێویستی بە رێزگرتنی ئایینەکان هەیە، ئێمە گوێمان لە گوتاری بریندارکەر دەبێت بەرامبەر ئایینی مەسیحی، بەڵام ئێمە خۆمان وەک مەسیحی ئاینی ئیسلام بریندار ناکەین و رێزی دەگرین، زۆر رێزی دەگرین، ئێمە ئەمڕۆ پێویستیمان بە رێزگرتنی ئایینەکان و گفتوگۆی ئایینەکان هەیە، ئەمڕۆ پێویستمان بەوەیە، تەنانەت لە قورئانی پیرۆزیشدا هەیە زۆرلێکردن لە دیندا نییە، هەروەها ئێوە دینی خۆتان هەیە و منیش دینی خۆم.
ئایەتی زۆر جوان هەیە لەبارەی مەسیحییەکانەوە، بەڵام ئێستا گوتارێکی تەکفیریانە هەیە، هەروەها گوتاری رقلێبوونەوە هەیە، سوپاس بۆ خوا، ئێمە لیژنەیەکمان دروستکردووە، لیژنەی گفتوگۆی مەسیحی و موسوڵمانان، شیعە و سوونە، توانیمان ئەو گوتارە دینییە هەڵبووەشێنینەوە و چاودێری بکەین کە رقلێبوونەوە دەچێنێت، ئەمە شێواندنی دینە، دین خۆشەویستی و بەزەیی و لێبووردەییە، بەڵام کێشەکە لە پەروەردەی ئاینیدایە، پرۆگرامە ئاینییەکان بڕگەیان تێدایە کە سووکایەتی بە دینەکانی دیکە دەکات، ئەمە پێویستە بگۆڕدرێت، پێویستە دینەکان بەشێوەیەکی پۆزەتیڤانە پێشان بدات.
ناکرێ ئەوان باسی دینی مەسیحی بکەن، با بێنە لای من تا دینی مەسیحییان بۆ شرۆڤە بکەم، وەک ئەوەی من نایەم باسی دینی ئیسلام بکەم، چونکە وەک ئەوەی من لێیتێگەیشتووم، دێم و ئەگەر پرسیارم لەسەر دینی ئیسلام هەبێ، لە مەرجەعیەت دەپرسم، جا شیعی بن یان سوونی، ئەوان دێن و باسی دینی ئیسلام دەکەن، بۆیە پێویستە گفتوگۆی دینەکان هەبێت، بەبێ ئەم گفتوگۆیە ئاسایش بەرقەرار نابێت، چونکە ئەوە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەش دروستدەکات.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوورە لەسەر ئەوەی دیموکراتی بێت، دەبێت هەموو وڵاتان چاو لە پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان بکەن
دەسەڵاتی هەرێم دەسەڵاتێکی عەلمانییە، جیاوازی ناکات و دەیەوێت رژێمێکی دیموکراتی بونیاد بنێت، من چاوم بە مەترانەکانمان کەوتووە لەوێ، هەروەها لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی پێشووی هەرێم و سەرۆکی ئێستای هەرێمیش کۆبوومەتەوە بەڕێز نێچیرڤان، ئەو سوورە لەسەر ئەوەی کە دیموکراتی بێت و دەوڵەتێکی عەلمانی بێت بەمانا راستەقینەکەی، دەکرێ هەرێمی کوردستان ببێتە نموونە بۆ هەموو دەوڵەتانی دیکە و هەنگاوەکانی هەڵبنێنەوە، بەڵام گەل پێویستی بە رۆشنبیرکردن هەیە، چونکە حیزبی ئیسلامی هەن و ئیسلامی سیاسی هەیە لە هەرێمی کوردستان.
لە هەرێمی کوردستانیش گوتار هەیە کە باس لە مەسیحییەکان دەکات کە ئەوان کافرن و موشریکن، کە ئەمەش هەڵەیە، چونکە ئێمە نە کافرین و نە موشریکین، با بێن پرسیار لە من بکەن تاوەکو بۆیان روون بکەمەوە. ئێمە یاسای شەهادەتەکەمان، بڕواهێنانە بە تاکە خوایەک کە دروستکەری زەوی و ئاسمانە، بەڵام چیرۆکە میللییەکە کەس لێی تێناگات، بەڵام دروستکردنی خاچ لە شوێنی نەشیاو یان وێنەی مەسیح، سووکایەتی پێبکرێت، ئەوە سووکایەتیە.
رووداو: لە هەرێمی کوردستانیش ئەوە کراوە؟
کاردیناڵ لویس ساکۆ: بەڵێ لە هەرێمی کوردستان بێگومان.. لە هەولێر و دهۆک ئەوە بڵاوبووەتەوە، بەڵام پاشان ناچاریان کردن لای ببەن، بەڵام گوتاری رقلێبوونەوە هەیە.
رووداو: عێراق دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ سەردانی پاپا فرانسیس، ئایا پاپا لە سەردانەکەیدا پارێزراو دەبێت؟
کاردیناڵ لویس ساکۆ: پاپا کەسایەتییەکی ئاشتیخوازە، وا بیر ناکەینەوە کە دەستدرێژی بکرێتە سەر، چونکە حکومەت پابەند دەبێت بە لایەنی ئاسایش و ئێمە خشتەی سەردانەکانمان داناوە و شێوازی سەردانەکەمان رێکخستووە.
رووداو: خشتەی سەردانەکەی چۆنە؟
کاردیناڵ لویس ساکۆ: خشتەکە دەستپێدەکات بەوەی کە دێتە بەغدا و رۆژی دووەم دەست بە چاوپێکەوتنەکانی دەکات لەگەڵ حکومەتدا، دواتر چاوپێکەوتن لەگەڵ تایفەی مەسیحی و سەرۆکی تایفە مەسیحییەکان و رۆژی پاشتر دەچێتە ئەنجامدانی نوێژی مەسکونیەت، کە نوێژی دیندارییە، لەوێ چیرۆکی ئیبراهیم لە تەوراتدا دەخوێنینەوە، هەروەها سورەتی ئیبراهیم لە قورئانی پیرۆزدا، پاشان نزا و پاڕانەوە و تەراتیل دەخوێنێنەوە، پاشان بایەخی ئەم سەردانە بۆ پاپا، گەیاندنی پەیامەکانی خۆشەویستی و برایەتی و ئاشتییە، لەگەڵ سەقامگیربوون و رێزگرتنی ژیان و ژینگە و پاپا رێنوێنی دەدات و نزا نەک تەنیا بۆ عێراقییەکان، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکەی دەکات بۆ خۆشەویستی، چونکە وەک دەزانی لە ناوچەکەدا کێشە زۆرە، ئەوەتا سووریا کێشەی لێیە، لوبنان، ئێران، یەمەن، لیبیا.
پاشان دەگەڕێتەوە بەغدا و لەوێ قوداسێک ئەنجامدەدرێت، پاش ئەوە رۆژی دواتر بەڕێدەکەوێت بۆ هەرێمی کوردستان و سەردانی هەولێر دەکات، ئێمە دووپاتمان لە بایەخی هەولێر کردووەتەوە، هەروەها چاوی بەبەرپرسانی هەرێم دەکەوێت، هەروەها دواتر سەردانی مووسڵ دەکات، گەشتێکی کورت بۆ ئەوێ ئەنجامدەدات، بۆ ئەو شارەی کە ناڵاندوویەتی و دەزانی کە مووسڵ تا ئەمڕۆش لای راستی شارەکە وێرانە، داڕماوە و هەموو کەنیسەکانمان رووخێنراون و مەسیحییەکانیش لەوێ کۆچیان پێکراوە، بۆیە دەکرێ لەوێ پەیامێک ئاراستە بکات، کە تێیدا باسی ئەوە بکرێت کە تووندوتیژی و تیرۆر و پەڕگیری هیچ داهاتوویەکی نییە.
هەروەها ئەوانە چارەسەر نین و چارەسەر بریتییە لە گفتوگۆ و پێکەوەژیان و لەوێشەوە سەردانی قەرەقووش دەکات، پاشان حەمدانییە، تاوەکو هانی مەسیحییەکان بدات تا لەوێ بمێننەوە و بەردەوام بن و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و لەوێ قوداسێک ئەنجامدەدرێت لە هەولێر، ئێوارەی هەمان رۆژ لەلایەن بەرپرسانەوە بەڕێدەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و رۆژی دواتر ئومێد دەکەین و دووپاتیشمان لە بایەخی نەجەف کردووەتەوە لە عێراق و ناوچەکەدا، بۆیە هیوادارین سەردانی ئەوێ بکات و پاشان دەگەڕێتەوە، ئەو رۆژی پێنجی مانگ دێت و هەشتی مانگ دەگەڕێتەوە.
رووداو: -بۆچی هەولێر بۆ ئێوە و سەردانەکەی پاپا فرانسیس گرنگە؟
کە دەچیتە هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەستدەکەیت لە ئەوروپایت
کاردیناڵ لویس ساکۆ: هەولێر بایەخێکی گەورەی هەیە، هەروەها هەولێر ناوچەیەکە فرەجۆرییەکی باشی دانیشتووانی تێدایە، هەروەها پێکەوەژیانی تێدایە، هەروەها سوپاس بۆ خوا کە لە هەرێمی کوردستان توندوتیژی رووینەدا، هەروەها قۆناخێکی سەقامگیری و ئاسایشی بەخۆوەبینی، هەروەها پێشکەوتنیش. خۆ گەر بچیتە هەولێر یان دهۆک یان سلێمانی، هەستدەکەیت تۆ لە ئەوروپایت. پێچەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و باشوور کە ژێرخانەکەی بەتەواوی پشتگوێخراوە بەداخەوە.
رووداو: پەیامی کۆتاییت بۆ مەسیحی و عێرقییەکان چییە؟
کاردیناڵ لویس ساکۆ: هیوادارم ئەمساڵ 2021 خەڵک بیر بکاتەوە و هەموو جۆرەکانی تووندوتیژی و و پەراوێزخستن بە نەفرەت بکەن، گەندەڵی حەرامە، هەروەها رووبکەنە پێکهاتنەوە، پێکهاتنەوەی کۆمەڵگەیی، هەروەها سیاسییەکان پێکبێن و بەرژەوەندییەکانی عێراق بخەنە پێش بەرژەوەندییەکانی دیکەوە. هەروەها قسەی کۆتاییم بەبۆنەی یادی لەدایکبوونەوەیە، لە تەرمیمی فریشتەکان و سەرکەوتن بۆ خودا لە ئاسمان و لەسەر زەویش ئاشتی، داخوازی باشبوون بۆ بەنی بەشەر، سەرکەوتنی خوا بۆ کوڕەکانی و نەوەکانی بێت.
ئەوانەی کە دروستیکردن تاوەکو ببنە ئاشتی و ئاشتی لەسەر خاکی عێراق و ئاشتی لەسەر خاکی کوردستان و ئاشتی بۆ سەر هەموو زەوی، نزای باشبوون بۆ هەموو عێراقییەکان بە هەموو لایەنگرییەکانیانەوە، دەمەوێ بڵێم ژیان کورتە گوناحە بەوە بیبەینە سەر کە یەکتری وردوخاش بکەین، با بە دڵخۆشی، بەختەوەری و خۆشەویستی و هاوکاری بیبەینە سەر.