نوێترین راپۆرت: کەشوهەوای عێراق خێراتر لەوەی خەڵک بتوانێت خۆی لەگەڵی بگونجێنێت، دەگۆڕێت

رووداو دیجیتاڵ 

کەشوهەوای باشووری کوردستان و عێراق خێراتر لەوەی خەڵک بتوانێت خۆی لەگەڵی بگونجێنێت، دەگۆڕێت، ئەمە ئەنجامی نوێترین لێکۆڵینەوەی رێکخراوی ئەنجوومەنی نەرویجیی پەنابەران NRCـیە. 
 
بەشێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە کە رۆژی یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەمانەن:
 
- 60٪ـی جووتیارانی ئەنبار، کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەدین لە وەرزی کێڵانی ساڵی 2023 ناچاربوون چاندن و بەکارهێنانی ئاو کەمبکەنەوە.
- لە 12 مانگی رابردوودا لە هەر پێنج کەس، چواریان ناچاربوون خەرجیی خۆراک کەمبکەنەوە.
- ئەگەر چی داهاتی ئەو کۆمەڵگەیانەی کشتوکاڵ دەکەن لە ساڵی 2023دا زیادیکردووە، داهاتی ژنان کەمیکردووە.
- 15٪ـی ژنان ئەم ساڵ هیچ داهاتێکیان نەبووە، بەراورد بە 6٪ـی ساڵی رابردوو.
- دەشتی نەینەوا ئاماژەی ئەوەی لێ بەدیدەکرێت ببێتە یەکێک لە شوێنەکانی چڕبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، چونکە دۆخی کەشوهەوا، ئاشتی و ئاساییشی ناوچەکە متمانەی لای خەڵکەکە نەهێشتووە.
- لە هەر چوار جووتیاری شنگال و بەعاج، یەکێکیان ئەم ساڵ ناچار بووە واز لە کشتوکاڵ بێنێت.
- نزیکەی 40٪یان ناچاربوون خەرجیی خۆراک کەمبکەنەوە. 
 
گۆڕانی کەشوهەوا لە باشووری کوردستان و عێراق بەربەستی بۆ هەستانەوەی ئابووریی ئەو کۆمەڵگەیانە دروستکردووە کە بەهۆی شەڕ و ململانێوە زیانیان بەرکەوتووە و لە بەردەم ئاوارەبوونێکی دیکەدان، لە کاتێکدا 60٪ـی جووتیاران بەدەست کەمئاوی و کەمبوونەوەی بەروبوومەوە دەناڵێنن، ئەم وەک لە راپۆرتی رێکخراوەکەدا هاتووە. 
ئەنتۆنی زیڵیتسکی، بەڕێوەبەری کاتیی لقی NRC لە عێراق دەڵێت، "بۆ 1.2 ملیۆن کەس کە هێشتا بەهۆی ململانێکانەوە لە ئاوارەییدا دەژین، هەروەها بۆ ملیۆنان کەس کە گەڕاونەتەوە شوێنەکانیان، یان نیشتەجێ کراونەتەوە، یان گوێزراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، خەریکە وشکەساڵی، زەحمەتی دابینکردنی بژێوی و تێکچوونی ئاساییشی خۆراکی دەبنە لەمپەر لە بەردەم باشبوونەوە و هەستانەوەیان دوای چەندین ساڵی ململانێ."
 
بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکە لە بارەی کەشوهەوای عێراق، دۆخی سەختی کەشوهەوا گرفتی بۆ بازاڕیش دروستکردووە، ناکۆکیی کۆمەڵایەتیی خراپتر و مەترسیی ئاوارەبوونێکی دیکەی زیاتر کردووە. 
زیڵیتسکی دەڵێت، "وەک رێکخراوێک کە پابەندین بە پشتیوانیکردنی ئەو خەڵکەی ناچاربوون هەڵبێن، بە پێویستی دەزانین زەنگی هۆشداری لێ بدەین. عێراق لە کارنامەی نیشتمانیی خۆیدا، هەنگاوی مایەی دەستخۆشی ناوە. قەبارە و خێرایی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق پێویستی بە کاری بەپەلەیە لە بوری کۆچ و خۆگونجاندندا."
 
لەو ناوچانەی عێراق کە چەندین ساڵی شەڕ و پێکدادان زیانی گەورەیان بە ژێرخان گەیاندووە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمئاوی وایکردووە نایەکسانی زیاتر لە دەستکەوتنی ئاودا دروستبێت. لە دەشتی نەینەوا، پەیوەندیی نێوان کەشوهەوا، ململانێ و ئاوارەبوون، تاوەکو دێت زیاتر زەق دەبێتەوە. لە شارۆچکەی بەعاج 24٪ـی بەشداربووانی راپرسییەکی رێکخراوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بیر لەوە دەکەنەوە شوێنەکانیان چۆڵبکەن، ئەمە وەک راپۆرتەکە باسی دەکات. 
 
ئەبو رەشید، جووتیارێکی دەشتی نەینەوا بە NRC گوت، "هەموو دراوسێکانم رۆیشتوون. تەنیا 10 ساڵ لەمەوبەر، 35 کەس لە کێڵگەکەمدا کاریان دەکرد. ئەم ساڵ، تەنانەت ناتوانم بژێوی خێزانەکەشم دابین بکەم. ئێستا وەک کرێکارێکی رۆژانە کاردەکەم بۆ ئەوەی شتێکم دەستبکەوێت. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات، دەبێت منیش زوو لێرە بڕۆم. دەزانی چی لێرە روویداوە؟ دونیا هەمووی دەزانێت چی روویدا."
 
NRC داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، هەنگاو بنێت بۆ "چاودێریکردن، رێکخستن و وەگەڕخستنی باشتری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و پێشخستنی 'کاخەزی سەوز' خێرابکات،" کە بریتییە لە نەخشە رێگەی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.