حاکم زاملی: شۆڕشی عاشوورا بەردەوام دەبێت تاوەکو گەندەڵکاران دووردەخرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەیان هەزار لایەنگری سەدر لەبەردەم پەرلەمانی عێراق چوارم نوێژی هەینیی بەکۆمەڵیان کرد. بەشێک لە سەرکردەکانی رەوتی سەدر لەگەڵ خۆپێشاندەران و مانگرتووان نوێژی هەینییان کرد.
حاکم زاملی، سەرکردەی دیاری سەدرییەکان یەکێک بوو لەو بەرپرسانەی کە لەگەڵ خۆپێشاندەران بەشداریی لە چوارەمین نوێژی هەینیی لایەنگرانی سەدر کرد، باسی لەوە کرد، تاوەکو ئەو کاتەی داواکانیان جێنەجێ دەکرێت، شۆرشی عاشوورا بەردەوام دەبێت.
حاکم زاملی بە رووداوی گوت: "بە دڵنیاییەوە شۆڕشی عاشوورا بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەوکاتەی گەندەڵکاران دووردەخرێنەوە، ئەمە کۆتایی نایەت تاوەکو داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ نەکرێت."
نوێژی بەکۆمەڵی سەدرییەکان هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ، ئەویش ئامادەکاریی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق. بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆ کردوە، ئەمە لای سەدرییەکان رەتکراوەیەوە و رێگەی پێنادەن، وەکو خۆیان دەڵێن، تاوەکو ئەو کاتەی داواکانیان جێبەجێ دەکرێن.
حاجی عەلی وەرد، لایەنگری سەدر گوتی: "ئێمە خاوەن مافین، مافەکانی خۆمان لە ناوچاوی گەندەڵکاران وەردەگرینەوە، ئەوانەی دز و گەندەڵ و تاوانباران، لەسەر هەر هاووڵاتییەکی شەریف و بەغیرەت پێویستە ئامادە بێت لەگەڵمان لێرە لە گۆڕپانی مانگرتووان."
حەیدەر عەلی، لایەنگرێکی دیکەی رەوتی سەدرە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو سیاسییانەی ئێستا "هەر هەموویان لە ژێر سایەی عەباکەی سەید موقتەدا سەدر دەرچوونە و لە خێزانی سەدر دەرچوون. ئێستا هاتوون و بوونەتە دژی موقتەدا سەدر، تۆزێک بیربکەنەوە و وەرنەوە هۆشی خۆتان. کێ ئێوەی گەیاندە ئەو شوێنە؟"
نزیکەی مانگێکە سەدرییەکان لە ناوچەی سەوز ناڕەزایەتیی دەردەبڕن، پەرلەمان پەکخراوە و چەقبەستوویی سیاسی باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە، بە داوکاریی جیاواز لایەنە دژەکانی نێو شیعەکان دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بسەپێنن و ئەمە هۆکاری تێنەپەڕاندنی ئەم قەیرانە سیاسییەیە.