سۆران عومەر: بەغدا داوای لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان دەکات

رووداو دیجیتال 

ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق نیگەرانە لە سستی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی. دەشڵێت، بەغدا داوای لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان دەکات. 
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "بەغدا پێیوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان كات دەكوژێت و وەك پێویست هەنگاو نانێت بۆ بە بانکیکردنی موچەی فەرمانبەران."
 
رۆژی 18 و 23ـی ئایار وەزارەتی دارایی دوو لیستی رەوانەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) نارد تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە.
 
گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە بە بانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی TBI بکرێت، بانکەکەش ئامادەکارییەکانی بۆ بابەتە کردووە، داوای کردووە لیستی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی رادەست بکرێت." 
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد، دروست بوونی گرفت بۆ مووچەی مانگی پێنج "چاوەڕوان کراوە، چونکە هێشتا گرفتی مووچەی چوار چارەسەر نەکراوە."
 
بۆ مووچەی مانگی ئایار، هاوشێوەی دوو مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی هێزە ئەمنییەکانی بە شێوەی کۆد ناردووە.
 
سۆران عومەر دەڵێت: بەغدا بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان داوای ناردنی لیستی ناوەکانی کردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان ئامادە نییە بینێرێت.
 
لەبارەی داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ ناردنی مووچە، سۆران عومەر، جەختیکردەوە: بەغدا داوای رادەستکردنی تەواوی داهاتی نێوخۆ دەکات، نەناردنی مووچە پەیوەستە بە رادەست نەکردنی داهات و دەستپێنەکردنی بە بانکیکردنی مووچە لە رێگەی TBI.
 
خشتەی بودجەى 2024 رۆژی 21ى ئایار گەیشتووەتە پەرلەمان، ئەوەش دواى دوو رۆژ لە پەسندکردنى لە ئەنجوومەنى وەزیران. دوو هەفتە لە بەردەم پەرلەماندایە بۆ ئەوەى تاوتوێى خشتەى بودجەى 2024 بکات و دەنگى لەسەر بدات، بەوپێیەى لە 9ى حوزەیران پشووى پەرلەمان دەستپێدەکات.