بەڤیدیۆ: ئەستێرەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەردەم ماڵەکەی لە بەغدا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی (ئوم فەهەد) لە بەردەم ماڵەکەی لە بەغدا بە چەکی بێدەنگ کوژرا.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا گوتی، رووداوەکە لە ناوچەی زەییونە لە رۆژهەڵاتی بەغدا روویداوە.
کوژرانی ئوم فەهەد زیاتر لە مانگێک دوای ئەوە دێت کە ناکۆکی ئەو خانمە لەگەڵ دالیا نەعیم، ئەستێرەیەکی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستبوو کە ئەوەش مشتومڕی بەرفراوانی لێکەوتەوە و بووە هۆی لەکارلادانی ژمارەیەک ئەفسەری سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری.
ئوم فەهەد ئەو کات گوتی، دالیا نەعیم بە ئەفسەرێکی پلە بەرز هەڕەشەی لێ کردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ڤیدیۆیەکی دالیا نەعیم و ئەفسەرێکی پلە باڵا کە لە پۆستێکی گرنگی وەزارەتی ناوخۆدایە، بڵاودەکاتەوە.
بە ڤیدیۆ.. ساتی کوشتنی ئووم فەهد، ڤلۆگەری بەنێوبانگی عێراقی لە بەغدا pic.twitter.com/NcBDsABmsU
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 26, 2024
ناکۆکی و شەڕە قسەی نێوان هەردوو ژنەکە پەرەیسەند و بووە بابەتی راگەیاندن.
دواتر لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، 20ی ئاداری ئەمساڵ رایگەیاند، تۆڕێکی "هەراسانکار"یان لە نێو دامەزراوەیەکی ئەمنیدا دەستگیرکردووە.
یەحیا رەسوول روونیکردەوە کە ئەندامانی تۆڕەکە پەیجی ساختەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان و سەرکردەکانیان هەراسان بکەن.
ئەندامانی تۆڕەکە، بە گوتەی لیوا یەحیا رەسوول، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە.
دوورخراوەکان 14 ئەفسەری پلە جیاجیای وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ بوون.