شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر پێکهێندرا

رووداو دیجیتاڵ
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، لەسەر رێنمایی محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وڵات، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێکهێنرا. 
 
راگەیێندراوێکی شانەکە دەڵێت، "لەسەر رێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە تێکدەرەی کە رۆژی هەینی لە رێگەی درۆنەوە کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی". 
 
هێرشەکە کاژێر 6:45 خولەکی ئێوارەی هەینی کرا. بە گوێرەی رەمک رەمەزان، قایمقایمی چەمچەماڵ، 4 کرێکاری بیانی گیانیان لەدەستدا و 2ی دیکەش بریندار بوون. 
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، "لە کاتێکدا ئەم دوژمنکارییە تاوانکارییە بۆ سەر سامانی ئابووریی عێراق سەرکۆنە دەکەین، جەخت دەکەینەوە کە دەستدرێژیکاران سزای دادپەروەرانەی خۆیان لە بەرامبەر ئەو دوژمنکارییانە وەردەگرن کە هەوڵ دەدەن زیان بە ئابووریی نیشتمانی بگەیێنن و کار لە پێشکەوتن و گەشەی عێراق بکەن".
 
دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
 
رەمک رەمەزان رایگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج هەمان ئەو شوێنەیە کە جاری پێشوو هێرشی کرایەسەر و دەرەوەی کەمپەکەیە و شوێنەکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بوو.
 
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.