نەرمین مەعرووف: وەزیری دارایی گوتی هەر وەزارەتێک لیستی ئامادەبێت راستەوخۆ مووچەی بۆ دەنێرن
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ چوونەژوورەوەی بۆ هۆڵی کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی دارایی، تەیف سامی بەدەم رێکردنەوە کەوتە قسەکردن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکە، هێشتا لەسەر کورسییەکەی دانەنیشتبوو، بە پێکەنینەوە گوتی، "سەر دەخەمە سەر هەرێم تاوەکو هاوکاریم بکەن."
کۆبوونەوەی وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمان چاوێکی زۆری لەسەر بوو، چونکە دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی بوو کە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو عێراق دابین بکرێت.
تەیف سامی درێژەی بە قسەکانیدا و بە نەرمین مەعرووف، ئەندامی کوردی لیژنەی دارایی گوت، "بڕیارمان لە بەرژەوەندیتان دا، بۆیە دەبێت هاوکارمانبن" کە مەبەست لێی ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو، تاوەکو بۆ مانگی دوو مووچە بنێرێت.
وەزیری دارایی عێراق لە کۆبونەوەکەدا بە روون و راشکاوی لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتووش رایگەیاند، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق، دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەربگرن و ناتوانن لە دەرەوەی ئەوە هیچ پارەیەک بۆ مووچەخۆران خەرج بکەن.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوای کۆبوونەوەکە گوتی، ئەوەی کە پەیوەندی بە مووچەی فەرمانبەرانەوە هەیە بۆ مانگی دوو، دوای پێشکەشکردنی لیستی مووچەخۆران دەبێت بە بەغدا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و لەسەر ئەو بنەمایە پارەکە خەرج دەکرێت.
ئەوەی کە پەیوەستە بە مانگەکانی داهاتوو، بە گوتەی عەتوانی، "پابەندبوون هەیە کە دەبێت لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دابەشبکرێت."
بەپێی قسەکانی تەیف سامی بێت، ناردنی مانگانە 618 ملیارەکەش کۆتایی هاتووە، بەڵکو بەپێی لیستی مووچەخۆران پارەکە خەرج دەکرێت، جا بڕەکەی هەرچەندێک بێت.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی بە رووداوی گوت، "لەبەرئەوەی مانگی دوو لە کۆتاییەکانیدایە بۆیە هاوشێوەی مانگی پێشوو پارەکە دەنێرن دوای ناردنی لیستی مووچەخۆران، تەنانەت [وەزیری دارایی] باسی لەوەشکرد کە هەر وەزارەتێک لیستەکەی ئامادەبێت، دەتوانێت بینێرێت و راستەوخۆ مووچەکەی بۆ دەنێرین، واتە مەرج نییە هەموو لیستەکە بە یەک پاکێج بنێردرێت."
ئەو هەنگاوەش بۆ ئەوەیە ئەگەر "وەزارەتێک یان دووان کارەکانیان تەواو نەکردبێت، ئەوانەی دیکەش رانەگرن، هەر کام لە وەزارەتەکان تەواویان کردبێت، دەتوانێت لیستەکە بنێرێت و مووچەکەی بۆ دەنێرن."
ئەوە بۆ مانگی دووە، بەڵام بۆ مانگی سێ بەبێ گواستنەوەی مووچە بۆ سەر بەغدا، هیچ پارەیەک نانێرن. نەرمین مەعرووف وای روونکردەوە.
گرفتی دەرکردنی کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان یەکێکە لە کێشە نوێیەکان کە دەبێت تاوەکو مانگی ئاداری داهاتوو تەواوبکرێت، ئەمەش پێویستی بە دەستپێکردنی دانوستاندنێکی نوێیە لەنێوان هەولێر و بەغدا.