کەسوکاری هاووڵاتییەکی کوژراو لە بەغدا بارەگایەکی سوپای عێراق دەسووتێنن
رووداو دیجیتاڵ
سەربازێک کە لە بازگەی ئەفسەرانی فەوجی کۆماندۆی شارۆچکەی یوسفییەی شاری بەغدا هاووڵاتییەکی کوشت، دەستگیرکرا، بەڵام کەسوکاری کوژراوەکە بەوە قەناعەتیان نەهات و هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی سوپای عێراق و ئاگریان تێبەردا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 26-2-2023) لەبارەی رووداوەکەی ناوچەی یوسفییە کە بەهۆیەوە ئاگر لە بارەگای فەوجێکی سەر بە فیرقەی 17 بەردرا، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەکان یەکێک لە ئەفسەرانیان راگرتووە و لێکۆڵینەوەی خێرایان لەگەڵدا کردووە، بەهۆی کوشتنی هاووڵاتییەک لەسەر دەستی یەکێک لە سەربازەکان لە ناوچەی یوسفییە، هەروەها فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان شاندێکی لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و ئەفسەرانی ناردووە بۆ ئەوەی بەشداریی پرسەی ئەو هاووڵاتییە بکەن".
کوژراوەکە لە هۆزی قەرەغوللییە. هۆزەکە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە "دوای رووداوە دڵتەزێنەکەی کوشتنی یەکێک لە رۆڵە بێ چەکەکانمان لە بازگەیەکی ناوچەی یوسفییە لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە، داوا لە هەموو رۆڵەکانمان دەکەین خۆیان کۆنترۆڵبکەن و هێورببەنەوە و بوار بدەنە یاسا و دادگە بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی بەرامبەر بەو تاوانبارە بگرێتەبەر و لەهەمان شوێن لەسێدارەی بدات".
هۆزی قەرەغوللی لەو روونکردنەوەیەدا هۆشداری دەدەن و دەڵێن "ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق خێرا ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکات، ئەوا ئێمە بەرپرسیاریێتی رووداوەکانی دواتر ناگرینە ئەستۆ".
بەپێی زانیارییەکان؛ ئەو کەسەی کوژراوە ناوی ئەحمەد قەرەغوللییە. لەگەڵ دایکیدا بووە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیای بارهەڵگر و ویستوویانە بە بازگەکەدا تێپەڕبن، بەڵام دوای دەمەقاڵێیەک لەلایەن سەربازێکی بازگەکەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.