ڤیدیۆ؛ راهێنانی دژەتیرۆری عێراق بۆ رزگارکردنی فڕۆکەی رفێندراو


رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راهێنانێکی تاقیکردنەوەی تواناکانیدا بۆ رزگارکردنی فڕۆکەی مەدەنی رفێندراو، مانۆڕێکی لە بەغدا ئەنجامدا و فڕۆکەیەکی مەدەنی کە وادانرابوو رفێندراوە بە سەرنشینەکانییەوە لە دەستی رفێنەرەکان رزگارکرد. هاوکات نمایشێکی لەبارەی چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە کرد کە کۆنترۆڵی ناوچەیەک یان گرتنی خەڵک دەکەن.
 
ئەو نمایشە سەربازییە لەکاتێکدایە وەک ھێزە عێراقییەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، دەست بە کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە سەربازگەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و ھەریر لە ھەولێر کراوە. لە عەبدولوەھاب ساعدی، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆرم پرسی کە  دەگوترێت ئیدی پێویستتان بە ھاوکاریی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەماوە؟ لە وەڵامدا گوتی "رووبەڕووبوونەوەی داعش و گرووپە چەکدارەکان پێوستی بە ھاوکاری و هاوئاهەنگیی ھەموو ھێزەکانە." 
 
ساعدی ئەوەشی گوت کە "تەنانەت لە شەڕی ئازادکردنیش ھیچ ھێزێکی شەڕکەر لە زەویدا نەبوو جگە لە عێراقییەکان، بەڵام بۆ مەشق و راھێنان و پێداویستیی سەربازی و ھەواڵگریی هەبوون، لەبەرئەوەی شەڕی تیرۆر شەڕێکی جیھانییە پێوست دەکات ھەمووان بەشداریی بکەن."
 
گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشد ئەوانەی ناویان لە خۆیان ناوە (فەسائل مقاوەمە) کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بە سیناریۆ و نمایشێکی دیپلۆماسی دەبینن، بۆیە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەیان، بەڵام فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان دەڵێت، تەنیا راوێژکارەکانیان دەمێننەوە و کشانەوەی ھێزی شەڕکەری ئەمریکی دەستیپێکردووە. 
 
تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "ھێزەکانی ئەمریکا ھیچ بەشدارییەکیان نابێت وەک ھێزی شەڕکەر، بەڵام راوێژکارەکانیان ئامادەییان دەبێت بۆ کاری راوێژی، مەشق و راھێنان و ھەواڵگری و چەندین کاری دیکە."
 
تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ داعش 206 پەلامار و ھێرشی ئەنجامداوە کە زۆربەیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوون، بەھۆیەوە 837 کەس بوونەتە قوربانی. دژەتیرۆری عێراق دەڵێت، "لەگەڵ پێشمەرگە و دژەتیرۆری کوردستان کۆتایی بەو مەترسییانە دەھێنین." 

 

 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، "لە کوردستان هاوئاهەنگیی بەردەواممان ھەیە بەتایبەتی لە رووی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ ھێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆر، لە سلێمانی و ھەولێر کارەکانیان پێکەوە بەرەو زیاتر دەچن. لە داھاتوودا پشتوان بەخوا کاری ھاوبەشمان بەردوام دەبێت، ھەروەھا ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن پاش راوێژ و دەستنیشانکردنی ئەو شوێنانەی کە پێوستە ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامبدرێت، بە تایبەتی لەو ناوچانەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی تێدان."
 
نەتەوە یەکگرتوەکان ئاماژە بە بوونی 10 ھەزار چەکداری شەڕکەری چالاکی داعش لە عێراق و سووریا دەکات، مەترسییەک زیاتر لەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە کە بەھۆی بۆشایی ئەمنییەوەیە. 
 
هەر لەبارەی نمایشە سەربازییەکە، دەزگای دژەتیرۆری عێراق، ئەمڕۆ شەممە 25/12/2021 لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی راهێنانەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "هێزێکی تایبەتی دەزگای دژەتیرۆر، ئەمڕۆ شەممە 25-12-2021 لە بنکەی ئاسمانیی شەهید محەممەد عەلا راهێنانێکی ئەنجامدا بۆ رزگارکردنی فڕۆکەیەکی رفێندراو، ئەوەش بە ئامانجی نوێکردنەوەی زانیارییەکان و تاقیکردنەوەی پرۆسەی رزگارکردنی فڕۆکەی رفێندراو."
 
سەباح نوعمان لەبارەی نمایشەکە گوتی، "پەیاممان بۆ گەلی عێراق و جیهان ئەوەیە کە دەزگای دژەتیرۆر ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی، چونکە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە لە رووی مەشق و پڕچەککردن و پێداویستییە تایبەتەکان کە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی دەزگاکەمان پێویستن؛ ئەمڕۆ راهێنانمان کرد بۆ رزگارکردنی فڕۆکەیەکی بەو جۆرە دانراو کە رفێندراوە و رزگارکردنی بارمتەکان، کە هێزێکی تایبەتی دەزگای دژەتیرۆر ئەنجامیدا؛ هەروەها دەستمان بە پێکهێنانی هێزێکی تایبەت کردووە بۆ پاراستنی بەندەرەکان و رزگارکردنی کەشتییە رفێندراوەکان."