حیزبی ئیسلامی عێراقی پێشوازی لە دەستپێشخەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد
رووداو - هەولێر
مەکتەبی سیاسی حیزبی ئیسلامی عێراقی پێشوازی لە دەستپێشخەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و داوا دەکات ئەم دەستپێشخەرییە بکرێتە سەرەتای دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانی گشتگیر کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات.
لەبارەی پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند، مەکتەبی سیاسی حیزبی ئیسلامی عێراقی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان سازکرد و تاوتوێی پێشهاتە نێوخۆییەکان و رەنگدانەوەیان بەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کرد، بەتایبەتی دەستپێشخەرییەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوای راگرتنی دەسبەجێی هەموو جۆرە ئۆپەراسیۆنێک و سڕکردنی ئەنجامەکانی پرۆسەی گشتپرسیی و دەسیپێکردنی دیالۆگێکی کراوە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق کردووە.
حیزبی ئیسلامی عێراقی، پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکە کردووە و دووپاتیان کردووەتەوە کە، نمایندەی هەلێکی راستەقینە دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە مەترسیدارە کە بەرۆکی عێراقی گرتووەتەوە، ئەویش بە دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشداری بکات و هەموو شتێک بگەڕێندرێتەوە رێڕەوە دروستەکە.
حیزبی ئیسلامی عێراقی روونیشکردەوە، دەستگرتن بەهەڵچوون و زمانی تووندوتیژی و هەڕەشەئامێزی لە خزمەتی هیچ لایەنێک نییە و هەموولایەنێکیش بەهۆیەوە زیانیان بەردەکەوێت،
بۆیە پێویست بەوە دەکات هەڵوێست و بۆچوونەکان تەنیا بۆ جێگیرکردنی بەرژەوندی گشتیی و پێدانی مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانەوە بکرێت لە چوارچێوەی پابەندبوون بەدەستووری عێراق و هەنگاوەی راستەقینە بنرێت بۆ چاکسازی کە هەمووان چاوەڕێی دەکەین.
بەرەبەیانی چوارشەممە 25-10-2017، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و مەترسی بەریەککەوتنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانی خستەڕوو و پێشنیازیشی کرد ئەنجامی ریفراندۆمی "کوردستانی عێراق" سڕ بکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ پێشنیاری بۆ حكومهت و راى گشتیی عێراق و جیهان خستەڕوو:
1- راگرتنى دهستبهجێی تهقهكردن و ههموو جۆره كردارێكى سهربازى له ههرێمى كوردستان.
2- سڕكردنى ئاكامى ریفراندۆم كه له كوردستانى عێراق ئهنجام درا.
3- دهستپێكردنى دیالۆگى كراوه له نێوان حكومهتى ههرێم و حكومهتى فیدراڵ لهسهر بنهماى دهستوورى عێراق.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن