نوێنەرایەتیی حکومەت لە بەغدا: ماوەی پێشکێشکردنی لیستی یەکەمەکانی زانکۆ درێژکرایەوە

 
رووداو - بەغدا

نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دڵنیایی دەداتە یەکەمەکانی زانکۆکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی هەرێمی کودستان و رایگەیاند، ماوەی پێشکێشکردنی لیستی یەکەمەکان درێژکراوەتەوە.
 
بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەردانی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵییان کردووە و داوایان کرد ماوەی پێشکێشکردنی لیستی ناوی یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن و دانیشتووی ناوچە جێناکۆکەکانن، درێژبکرێتەوە بۆ رۆژی 08-06-2023."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی رەزامەندیی لەسەر درێژکردنەوەی پێشکێشکردنی لیستی ناوەکان دەربڕیوە و "پێویست ناکات بێنە بەغدا و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارەکان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو دەکات و کۆدەکان لە رێگەی وەزارەتەوە دەگاتە دەست یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان."