وەزیری گەیاندنی عێراق داوای قەدەخەکردنی تیکتۆک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی کردووە کە ئەپی تیکتۆک لە وڵاتەکەدا قەدەخە بکات.
هیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق رۆژی دووشەممە 25-03-2024 رایگەیاند، داوایەکی پێشكێشی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆئەوەی ئەپی تیکتۆک لەکاربخرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەدا نەماوە کە زۆرترین کەس تێیاندا سەردانی ماڵپەڕی فیلمە رووتەکان دەکەن.
یاسری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ژمارەی سەردانیکارانی ماڵپەڕی فیلمە رووتەکان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو زیاتر لە نیو ملیار سەردان بوو،" بەڵام لە شوباتی ئەم ساڵ، ئەو ژمارەیە بۆ 89 ملیۆن سەردان دابەزیوە.
خانمە وەزیرەکە جەختی لەسەر پێکەوەکارکردنی ئەندامانی پەرلەمان کردەوە بۆ بلۆککردنی ئەپەکانی دیکەش.
وەزیری گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە قەدەخەکردنی ئەپ و ماڵپەڕی فیلمە ناشیاوەکاندا، وەزارەتەکەیان رووبەڕووی ژمارەیەک بەربەست دەبێتەوە، لەنێویاندا، دەرنەکردنی یاسا پێویستەکان لە پەرلەمانەوە و کەمیی بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتەکە.
یاسری باسی لەوەش کرد، وەزارەتەکەیان تیمێکی تەکنیکیی تایبەتمەندی هەیە بۆ بلۆککردنی ماڵپەڕی فیلمە رووتەکان، بەڵام روونیشیکردەوە کە قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ رووتەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکان زەحمەتە، چونکە ئەوە لەژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای ئەو تۆڕانەدایە و پێویست بە هەبوونی هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری ئەو کۆمپانیایانە لە ناوچەکەدا دەکات.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بۆ قەدەخەکردنی ئەو جۆرە بابەتانە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئامێری پێشکەوتوو هەیە کە دەتوانێت گەڕانی قووڵ ئەنجام بدات و ئەو ڤیدیۆیانە بدۆزێتەوە بۆئەوەی لاببرێن، بەڵام وەزارەتەکەیان ئەو ئامێرەیان نییە، بۆیە داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد، بودجەی وەزارەتەکە زیاد بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت توانا تەکنیکییەکانی خۆی بەرەوپێش ببات.
قەدەخەکردنی تیکتۆک لە وڵاتانی دیکە
تائێستا تیکتۆک لەلایەن ژمارەیەک وڵاتەوە بە هۆکاری جیاجیا قەدەخە کراوە.
ساڵی 2020، پاکستان بە تۆمەتی بواردان بە بڵاوکردنەوەی "بابەتی بەدڕەوشتانە و ناپەسەند" تیکتۆکی قەدەخە کرد.
هیندستانیش لە نێوەڕاستی ساڵی 2020 بە تۆمەتی گواستنەوەی زانیاریی بەکارهێنەران بۆ چین، تیکتۆکی قەدەخە کرد، کە لەلایەن کۆمپانیای بایت دانسی چینییەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
لە ساڵی 2022 تاڵیبان بەهۆی "گومڕاکردنی گەنجان" ئەو ئەپە و یاریی پەبجیی قەدەخە کرد.
سۆماڵیش بەهۆی "بڵاوکردنەوەی بابەتی ناشیاو" لە ساڵی 2023 تیکتۆک و تەلەگرامی قەدەخەکردن. نیپاڵیش لە هەمان ساڵدا هەمان هەنگاوی بەرامبەر تیکتۆک گرتەبەر لەسەر ئەوەی ئەپەکە "شیرازەی کۆمەڵگەی" وڵاتەکەی تێکداوە.
ئوسترالیا، بەلجیکا، کەنەدا، یەکێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، تایوان، نەمسا، نیوزیلاند، بەریتانیا و ئەمریکا بەکارهێنانی ئەپەکەیان تەنیا لەسەر ئامێرە حکومییەکان قەدەخەکردووە.
ئێستاش ئەمریکا لە کۆنگرێسەوە هەوڵی قەدەخەکردنی تەواوەتیی ئەپەکە دەدات چونکە پێیوایە ئەپەکە سیخوڕی بۆ چین دەکات.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە پڕۆژە یاسایێکی بۆ ئەو مەبەستە پەسەندکردووە. ئەگەر لە ئەنجوومەنی پیرانیشەوە پەسەند بکرێت ئەوا بایت دانس 180 رۆژی لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەوەی ئەپەکە بە کۆمپانیایێکی ئەمریکی بفرۆشێت پێش ئەوەی قەدەخەبکرێت.