وەزیری دارایی عێراق بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەچێتە پەرلەمان

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دارایی عێراق بۆ پرسی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمان کراوە. بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی مووچە لەرێگەی بانکەکانی سەر بە حکومەتی عێراق دەدرێت. 
 
رۆژی دووشەممە، 26ـی شوبات وەزیری دارایی عێراق دەچێتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر بڕیاری دادگەی فیدراڵی و خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەغدا بەنیازە لە رێی بانکەکانی سەر بە حکومەت مووچە بخاتە سەر هەژماری فەرمانبەرانی کوردستان، دەیەوێت ئیدی کاش نەمێنی. 
 
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "وەزارەتی دارایی هەژمارێک دەکاتەوە لەو بانکانەی کە رێگە پێدراون و سەر بە بانکی ناوەندین، ماستەر کارد بۆ فەرمانبەران دەردەهێنرێ، ئاوا مووچە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی فەرمانبەرانی [هەرێمی] کوردستان. حکومەتی بەغداش بە هەمان رێگە مووچە دەدات."
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، لەسەر حکومەتی هەرێمی کورستان پێویستە رێگە بە کردنەوەی ئەو بانکە رێگەپێدراوانەی ناوەندی بدات. 
 
شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق دوو رۆژە لە هەولێرن بۆ وردبینی لە لیستی موچەخۆران. بە پێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بێ، دەبێ کۆتایی ئەم مانگە بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێ، کە 618 ملیار دینارە تا ئەو کاتەی بودجە هەموار دەکرێتەوە.
 
مستەفا گەرعاوی کە ئەندامی لیژنەی داراییە، دەڵێت، بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بێت، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی ماستەر کارد و مانگانە راستەوخۆ لە رێگەی بانکە رێگە پێدراوەکان مووچەکانیان وەردەگرن. بۆ ئەوەش دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی بکات و  لقی بانکەکانی رەشید و رافیدەین بکرێنەوە، جگە لەمە پێیوایە بڕیارەکەی دادگە هیچ لێکدانەوەیەکی دیکە هەڵناگرێت. 
 
مستەفا گەرعاوی دەشڵێت: وەزارەتی دارایی هەژمارێک دەکاتەوە لەو بانکانەی کە رێگەپێدراون و سەر بە بانکی ناوەندین، پاشان ماستەر کارد یان کی کارد بەپێی کۆمپانیاکە بۆ فەرمانبەران دەکرێنەوە، بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکرێت لە هەرێمی کوردستان، بەهەمان ئەو رێگەیەی حکومەتی فیدراڵی دەیکات. ئێستا بۆ نموونە لە ناوچەکانمان، تی بی ئای، رافیدەین و رەشید هەن، ئەمانە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە رێگەپێدراون، بۆیە فەرمانبەر مافی خۆیەتی لە هەر یەکێک لەو بانکانە بە ئەلیکترۆنی مووچە وەرگرێت، لەسەر حکومەتی هەرێمی کورستان پێویستە رێگە بە کردنەوەی ئەو بانکە رێگەپێدراوانەی بانکی ناوەندی بدات."
 
لەلایەکی دیکەوەوە، بەمەبەستی وردبینیکردن لە خەرجی و داهاتەکانی هەرێمی کوردستانیش، شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دوو رۆژە لە هەولێرن بۆ ئەوەی وردبینی بۆ شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو بکەن. 
 
غەریب ئەحمەد، پەرلەمانتارە و دەڵێت، "هەرێمی کوردستان دەبێت پەلە بکات لە خستنەڕووی داتا و زانیارییەکان بۆ ئەم لیژنەیە و ئەو لیژنەیەش پەلە بکات و بە ئینسافەوە سەیری ئەم پرسە بکات، نەوەک چیتر بێنەو بگرە بکەن، لەبیرمان نەچێت ناوە ناوە ئەو بیانوویانەی کە دەیبینین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەوەندەی بە بیانوو و روانگە شۆڤێنییەکە دەیبینین، هێندە بەوە نایبینین کە گلییەکان ئەسڵیان هەبێت."
 
هەموو ئەوانەی دەگوترێن لەسەر مووچەی مووچەخۆران بە تەواوکردنی هەمواری یاسای بودجە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، گەرنا حکومەتی عێراق مانگانە بڕیاریداوە هەر ئەو 618 ملیار دینارە بنێرێت کە لە چوارچێوەی خەرجیی راستەقینە وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.