سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار: ژمارەی گەشتیاران دەگەیێنینە 20 ملیۆن کەس لە ساڵێکدا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە شەشەمین دیداری گەشتیاریی عێراق لە بەغداوە دەڵێ ساڵ بە ساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەکات و "لە ساڵی 2030 ژمارەی گەشتیاران دەگەیەنینە 20 ملیۆن لە ساڵێکدا".
دیمەنی ناوازە و سەرنجڕاکێشی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان لە شەشەمین دیداری گەشتیاری عێراق لە بەغدا نمایشکران و بوونە مایەی سەرنجی بەشداربووانی دیدارەکە.
هودە دلێمی، دانیشتووی بەغدایە، سەرسامە بە دیمەنەکانی هەرێمی کوردستان، کە یەکەمجارە دەیانبینێت، بە وردی لێیان دەڕوانێت و گوێی بۆ فۆتۆگرافەرێکی کورد شلکردووە، تاوەکو زانیاری لەسەر ئەو ناوچانە وەرگرێت و رۆژێک لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی لە نزیکەوە بیانبینن.
هودە دلێمی سەبارەت بە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ "لە زۆر شوێنی ئەوروپاش خۆشترن، ناوچەکانی کوردستان. من پێشتر زیاتر لە 20 جار رۆیشتووم بۆ سلێمانی و زیاتر لە 10 جاریش بۆ هەولێر، بەڵام ئێستا سەرم سوڕماوە لەوەی شوێنی ئاوا ناوازەی هەیە، کە من پێیان نازانم و نەمبینیون، بەڕاستی جوانییەکەی سەرنجڕاکێشە".
لە شەشەمین دیداری گەشتیاریی عێراق، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ زیاتر لە هەشتا کۆمپانیای گەشتیاری نێوخۆیی و بیانی بەشدارە.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئێمە بەڵێنمان بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دا و گوتمان لە 2021 ژمارەی گەشتیاران چوار ملیۆن بووە، لە 2022 دەیگەیەنینە شەش ملیۆن، ئەو ساڵەش شەش ملیۆن زیاتر بوو. بەپێی ئەو پلانە هەشت ساڵییەی داماشمانناوە ئاستی گەشتیاری دەگەیەنینە ئاستێک، پشتیوان بەخوا تاوەکو 2030 ساڵانە ژمارەی گەشتیار دەگەیەنینە 20 ملیۆن".
بۆ زۆرینەی عێراقییەکان، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ناوازەیە بۆ گەشتوگوزار و نزیکە لێیانەوە، بۆیە وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراق بەم شێوەیە باسی کوردستان دەکات و دەڵێت هاوئاهەنگیی زیاتر دەکەن لەگەڵیاندا.
ئەحمەد بەدران، وەزیری رۆشنبری و گەشتوگوزاری عێراق بە رووداوی راگەیاند "لە راستیدا کوردستان نوێنەرایەتیی گەشتوگوزار دەکات، بەتایبەتی لە رووی سرووشت و جوانی و ئەو دیمەنە دڵڕفێنەی هەیەتی، هەر لە شاخ و دۆڵ و کانیاوەکانییەوە، تادەگاتە کەشوهەوا خۆشەکەی. خەڵکەکەشی ئاستی رۆشنبرییان بەرزە، زۆر بەڕێز و ناوازەن، بۆیە هەموو گرووپە گەشتیارییەکان لە وەرزی هاویندا لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بەرەو هەرێمی کوردستان دەڕۆن".
دیداری گەشتیاریی عێراق لە بەغدا، چوار رۆژ بەدەوام دەبێت. لە 12 وڵاتەوە کۆمپانیای گەشتیاری هاتوون. ئەم دیدارە دەرفەتێکە بۆ برەودان بە پەیوەندییە گەشتیارییەکان و دروستکردنی هاوئاهەنگی زیاتر لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکان.