لویس ساکۆ: دۆخەکە سەختە و با خۆمان کێشەی خۆمان چارەسەر بکەین
رووداو دیجیتاڵ
پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان دەڵێت، بەهۆی گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە، عێراق لە دۆخێکی سەخت دایە و پێویستە هەمووان بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و مێژوویی لە ئەستۆ بگرن.
کاردیناڵ پاتریارک لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان لە کەنیسەی ماریوسف لە بەغدا لەکاتی بەشداریکردنی لە نوێژی قەداس گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "عێراق لە دۆخێکی سەخت دایە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوەیە، کە دۆخێکی نوێی لە ناوچەکەدا دروستکردووە. بۆیە داوا لە هەموومان دەکەم، بەرپرسیاریەتی نیشتمانیی و مێژوویی لە ئەستۆ بگرن."
لویس ساکۆ داوای کرد، هەمووان پێکەوە دەست لەناو دەست کاربکەن و پێکەوە کێشەکانیان چارەسەربکەن نەک بۆ کەسی دیکەی بەجێبهێڵن. گوتی، "ئەوان کۆمەڵەی خێرخوازییان نییە، بەڵام ئێمە دەتوانین خۆمان کێشەی خۆمان چارەسەر بکەین."
پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان هیوا دەخوازێت، پێش ئەوەی دەرفەتەکە بەفیڕۆبچێت، پێویستە لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ ناسنامەیەکی یەکگرتووی نیشتمانیی عێراقی، ئەوەش لە رێگەی هاووڵاتیبوونی تەواوەتی، ئاشتەوایی راستەقینە و بەشداریی ئەرێنی لە هەموو بوارەکانی: کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، ئابووری و سیاسی بەدیدێت. هەروەها دەڵێت، "ئەوە بۆ چاکەی هەمووانە، نەک بۆ چاکەی لایەنێکی دیاریکراو."
مەراسیمی نوێژی قەداس شەوی سێشەممە لە بەغدا بە بەشداریی محەممەد شیاع سوودانی، عەممار حەکیم، لویس ساکۆ و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکومی و حیزبی بەڕێوەچوو.
شەوی 24 لەسەر 25ـی کانوونی یەکەم، جەژنی کریسمسی کریستیانەکانە کە تایبەتە بە ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا. کریستیانەکان لەو رۆژەدا نوێژ و نزادەکەن و ئاهەنگ دەگێڕن.