سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: قسە لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەشداربوویەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، یەکێک لە بەشداربوونی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا بە هیچ شێوەیەک باس لە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە".
حکومەتی عێراق 631 ملیار دیناری بۆ مووچەی تشرینی دووەمی 2024 ناردووە و بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 300 ملیار کورتهێنان هەیە. هیچ بڕە پارەیەکیشی بۆ مانگی کانوونی یەکەم نەناردووە.
15ـی کانوونى یەکەمى 2024، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی فیدراڵ رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنى رێکارەکان بۆ ناردنى پارەى مووچەى مانگى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ.
بەپێى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت لە 10 رۆژدا تێبینییەکان لەبارەى لیستى مووچە چارەسەر بکرێن. ئەو 10 رۆژە لە 15ـی کانوونى یەکەمەوە دەستیپێکردووە و سبەی کۆتایی دێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی 17ـی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.