راپرسییەک: 91٪ـی عێراقییەکان پێیان وایە گەندەڵی لەنێو دامودەزگا نیشتیمانییەکان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی عەرەب بارۆمیتەر ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردووەتەوە کە لە مانگی ئایار تاوەکو تەممووزی ئەم ساڵ لە عێراق و باشووری کوردستان کردوویەتی و تێیدا لەبارەی گەندەڵی، ئابووری، خزمەتگوزاری و یەکسانیی جێندەری پرسیاری لە عێراقییەکان و هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان کردووە.
عەرەب بارۆمیتەر تۆڕێکی توێژینەوەیە و بارەگاکەی لە میشیگنی ئەمریکایە. تۆڕەکە لە ساڵی 2006 دامەزراوە و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا راپرسی و توێژینەوە ئەنجام دەدات.
گەندەڵی لە نێو دامەزراوەکانی عێراق
تۆڕەکە دەڵێت، ئەنجامی راپرسییەکە دەریدەخات، 91٪ـی هاووڵاتی و هاونیشتمانییان پێیان وایە گەندەڵی بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمی کردووە، بەڵام هێشتا لەنێو دامەزراوە نیشتیمانییەکان زۆرە.
بە گوێرەی راپرسییەکە، نزیکەی 80٪ـی هاووڵاتییان پێیان وایە گەندەڵی لە دامودەزگای سەر ئاستی پارێزگاکانیش هەیە.
چوار لەسەر پێنجی هاووڵاتییان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بۆ دۆزینەوەی کارێک پێویستییان بەوەیە "واستە" بکەن یان بەرتیل بدەن.
هەروەها 42٪ـی عێراقییەکان پێیان وایە حکومەت کار بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی دەکات. رێژەکە بەراورد بە ساڵی 2022 بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، چونکە لەو ساڵەدا تەنیا 28٪ـی عێراقییەکان پێیان وابوو حکومەت کار لەسەر نەهێشتنی دەکات.
ئابووریی عێراق
گەورەترین پرس دوای گەندەڵی زۆربەی عێراقییەکان لێی نیگەرانن ئابوورییە. نیگەرانیی عێراقییەکان لە کەمیی کار، نەبوونی ئاسایشی خۆراک و نرخی خانووبەرەوە سەرچاوەی گرتووە.
45٪ـی ئەوانەی بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە رایانگەیاندووە، کەمیی هەلی کار گەورەترین کێشەی ئابووریی عێراقە.
53٪ـی عێراقییەکانیش پێیان وایە ئاسایشی خۆراکییان نییە؛ هەروەها 40٪ـی عێراقییەکان رایانگەیاندووە، لە هەفتەیەکدا زیاتر لە چوار رۆژ ئەو خواردنانە دەخۆن کە کەمتر حەزیان لێیانە یان خواردنی هەرزانن.
سەبارەت بە نرخی خانووبەرە، 72٪ـی عێراقییەکان لە راپرسییەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، نرخی خانووبەرە وەک کێشە دەبینن.
خزمەتگوزارییەکان لە عێراق
لە راپۆرتی تۆڕەکەدا هاتووە، لە ساڵی 2022ـەوە رەزامەندی عێراقییەکان لەبارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە و کۆکردنەوەی خاشاک زیاتر بووە.
هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە دانیشتووانی ناوچەکانی دیکەی عێراق تێڕوانینی ئەرێنیتریان بەرامبەر بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەیە.
زیاتر لە 47٪ـی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، لە خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تەندروستی رازین، لەکاتێکدا تەنیا 34٪ـی دانیشتووانی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تەندروستی رازین.
هەروەها 45٪ـی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە، لە خزمەتگوزارییەکانی کەرتی پەروەردە رازین، بەڵام 37٪ـی هاووڵاتییانی عێراق لە خزمەتگوزارییەکانی ئەو کەرتە رازین.
هەرچی دەربارەی کۆکردنەوەی خاشاکە، 66٪ـی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان لەو خزمەتگوزارییە رازین و دانیشتووانی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش تەنیا 41٪ـی لە خزمەتگوزارییەکە رازین.
یەکسانی جێندەری: بەرەوپێشچوون و ئاڵنگاری بەردەوام
هەرچەندە زۆربەی عێراقییەکان پاڵپشتی لە سیستمی کۆتای ژنان لە پەرلەمان دەکەن و پێیان وایە کە دەبێت ژنان لە حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکان رۆڵیان هەبێت، بەڵام هێشتا زۆربەی هاووڵاتییان پێیان وایە کە پیاوان لە رووی سەرکردایەتییەوە دەتوانن باشتر لە ژنان رۆڵ بگێڕن و دەبێت قسەی کۆتایی نێو خێزانەکان لای پیاوان بێت.