عێراق دەیەوێت بە پلانێک کۆتایی بە پشتبەستن بە یارمەتییە مرۆییەکان بێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راپۆرتی هاوبەشی حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق دەیەوێت بە پلانێک کۆتایی بە پشتبەستن بە یارمەتییە مرۆییەکان بێنێت و لە داهاتوودا پشت بە گەشەی خۆی ببەستێت.
پلانەکە بە ناونیشانی "پێکەوەبەستنی مرۆیی، گەشە و ئاشتی" جێبەجێ دەکرێت.
راپۆرتی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق باس لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاڵەنگارییەکانی بەردەم وڵاتەکە دەکات، لە نێویاندا کێشەی ئاوارەکان، ئاسایشی خۆراک و دەستکەوتنی ئاوی پاک و کارەبا.
ماوەی چەندین دەیەیە، عێراق بە شێوەیەکی گەورە پشتی بە یارمەتییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بەستووە بۆ ئەوەی بارگرانیی چەندین ساڵی جەنگ و ناسەقامگیری، کەمبکاتەوە. بەڵام لە ساڵی 2021، حکومەتی فیدڕالیی عێراق "پلانی نیشتمانیی بۆ ئاوارەکان" راگەیاند، کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی کێشەی ملیۆنان ئاوارەی نێوخۆی وڵاتەکەیە. لە هەمان کاتدا، نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی بە جێبەجێکردنی "چوارچێوەی پێکەوەکارکردن بۆ گەشەی بەردەوام" کرد، کە ئەوە بووە لادانێکی گەورە بەرەو ستراتیجی گەشەی درێژخایەن لەبری دابینکردنی یارمەتیی مرۆیی.
راپۆرتە نوێیەکە جەخت لە باشبوونی دۆخی دارایی عێراق دەکاتەوە لە ئەنجامی ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوت دەستیکەوتووە. ئەم بەهێزبوونە داراییە وایکردووە حکومەت بتوانێت دەستبەرداری بەرنامە مرۆییەکان بێت، بە جۆرێک کە لە ساڵی 2016، بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان 1.8 ملیار دۆلاریان وەک یارمەتیی مرۆیی بە عێراق دابوو، بەڵام ئەو لە ساڵی 2022، یارمەتییەکە بۆ تەنیا 265 ملیۆن دۆلار کەبووەتەوە.
ئامانج لە پلانەکە رێکخستن و پێکەوەبەستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان، گەشەی ئابووری و هەوڵەکانی ئاشتەواییە بۆ ئەوەی رێگەیەکی رێکخراوتر بۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەرە گەرمەکانی عێراق دابنێت.
راپۆرتەکە دەڵێت: "ئەگەرچی هێشتا هەندێ ناوچەی عێراق پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە، چارەسەری درێژخایەن لە چارەسەرکردنی نەبوونی گەشەدایە، ستراتیجیی (پلانی پێکەوەبەستنی مرۆیی و گەشە و ئاشتی)ش باشترین رێگەیە بۆ ئەوە."
چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان
بڕگەیەکی سەرەکیی پلانەکە نەهێشتنی ئاوارەییە لە عێراق. لە دوای بەزاندنی داعش، ملیۆنان هاووڵاتیی عێراقی هێشتا ئاوارەن، کە یان ناتوانن یانیش نایانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. عێراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم پلانەوە، چارسەری درێژخایەن بدۆزێتەوە و تەنیا بە دابینکردنی پەناگەی کاتی و یارمەتییەکانەوە نەوەستێت. بۆ ئەمەش، حکومەتی فیدڕالی لەگەڵ ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل کاردەکات.
بەرنامەکانی وەک "گرووپەکانی چارەسەری درێژخایەن بە گوێرەی ناوچەکان" لەسەر ئاستی خۆجێیی کاردەکەن بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئاوارەکان دابینبکەن و بژاردە بۆ گواستنەوە و جێگیرکردنیان لە شوێنەکانی دیکە فەراهەم بکەن. بەڵام هێشتا بەربەست و زەحمەتییەکان کۆتایی نەهاتوون، بە دیاریکراویش لە رووی دابینکردنی پارەی پێویست و پێکەوەکارکردن و هاوکاربوونی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان.
دەرفەت و زەحمەت
راپۆرتەکە ئاماژە بە ژمارەیەک بەربەست دەکات کە نەیانهێشتووە پلانەکە بە سەرکەوتوویی جێبەجێبکرێت، لەنێویاندا، نەبوونی پاڵپشتیی دارایی پێویست و نەبوونی هاوئاهەنگیی لە نێوان لایەنە نێودەوڵەتی و خۆجییەکاندا.
نەبوونی پارەی پیویست بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆژەکانی ئاشتی و گەشەی درێژخایەن، کێشەیەکی سەرەکییە.
زۆربەی پارەکە لە لایەن بەخشەرەکانی وەک ئەڵمانیا و ژاپۆنەوە دابینکراوە.
وێڕای ئەو ئاڵەنگاریانە، حکومەتی عێراق، بە پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان، بەرەوپێشچوونی هەبووە. "چوارچێوەی پێکەوەکارکردن بۆ گەشەی بەردەوام"ی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکەوە لەگەڵ ئەو پلانانەی بە گوێرەی هەر ناوچەیەک دانراون، بوونەتە هۆی ئەوەی روانگەیەکی یەکگرتوووتر بۆ گەشەی عێراق بێتەکایەوە. بانکی جیهانیش رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە شیاندنەوەی ناوچەکانی عێراق کە پێشتر شەڕ زیانی پێ گەیاندبوون.