زیانی ئاگرەکەی بازاڕی سنەکی بەغدا بە پێنج ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
گڕی ئاگرێکی بێ ئامان رۆژی دووشەممە، زیاتر لە 10 کۆگەی کەلوپەل و پێداویستی ئۆتۆمبێلی لە بازاڕی سنەک لەنێو جەرگەی بەغدا گرتەوە.
زیاتر لە 10 تیمی بەگریی شارستانی، دەیان کرێکار، دووکاندار و خاوەن کار لە بازاڕەکەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان دا، هەرچەندە زیانی گیانیی نەبوو، بەڵام زیانە مادییەکانیان بە نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێن.
عەباس ئیبراهیم، خاوەن کۆگە لە بازاڕەکە دەڵێ "بینیمان دووکەڵی زۆر هەیە و بەپەلە چووینە دەرەوە؛ سەرەتا ئاگرێکی ئاسایی بوو، زۆر گەورە نەبوو، لەناکاو وردە وردە زیادی کرد، چونکە کۆگەکان پڕن لە کارتۆنی کەلوپەل، سپرا یەکسەر گڕی گرت و ئاگرەکە گەورەبوو، ئیدی پێڕانەگەیشتین بیکوژێنینەوە."
هێشتا ئاگرەکە نەکوژێنرابووەوە کاتێک دووکاندارێک بە ناوی عەلی کازم گوتی "ئەمە ناکوژێتەوە، مەگەر خوای گەورە بمانبینێت و ئاگارەکە بکوژێنێتەوە. ئەمە، هەمووی پارەی خەڵکە دەسووتێ، کرێکارین لێرە و خاوەن دووکانین، هەمووان لێرە کاردەکەین بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانمان، بە خوا ئەم بازاڕە بسووتێ، خەڵک هەمووی کۆتاییان پێ دێت."
کۆگە گڕتێبەربووەکان سەرجەمیان لە سەندویچ پانێڵ دروستکرابوون، ئەمەش بە گوتەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی؛ رێگەی خۆش کرد بۆ ئەوەی ئاگرەکە کە لە ئەنجامی شۆرتی کارەباوە دروست ببوو، زیاتر و زووتر کۆگەکان بسووتێنێت.
حوسێن خەلیل، لە تیمی بەرگریی شارستانی بە رووداوی گوت "دۆخەکەمان کۆنترۆڵکردووە و ئاگرەکە خەریکە نامێنێت. سوپاس بۆ خوا ئەوەی زانیاریی سەرەتاییە ئەوەیە ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش کاریگەریی زۆری هەبووە."
بەپێی ئاماری فەرمیی بەرگریی شارستانی، لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 5500 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراون.