لە بەغدا دژی هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە عێراق خۆپێشاندان کرا
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک موسڵمانی شیعەمەزهەب لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا گردبوونەوە؛ دەیانەوێت حکومەتی عێراق بێتە سەر هیڵ بۆ ئەوەی وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بداتەوە.
خۆپێشاندەران پشتیوانی لە بەرەی مقاوەمەی عێراقی دەکەن و وەک هاوسۆزییەک بۆ فەلەستین و لوبنان، بە هێرشە بەردەوامەکانی ئەم گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل دڵخۆشن.
شێخ زەرخام قورەیشی، گوتارخوێنی حوسەینی لەنێو خۆپێشاندەرەکانەوە دەڵێت، "بەتوندی ئیدانەی هەڕەشەکانی کیانی سەهیۆنی بۆ سەر گەلی عێراق دەکەین، گوایە دەیانەوێت هێرشی مووشەکی بکەنە سەرمان، پێویستە دەوڵەتی عێراق رووبەڕووی ئەم هەڕەشە و هێرشانە ببێتەوە. ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە، بەداخەوە بەهۆی ئەو دەستوەردانە دەرەکییەی هەیە، سەروەریمان پێشێلکراوە."
بەشێکی دیکەی گردبوونەوەی شیعە بۆ پشتیوانی لە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای باری کەسییە، داوا دەکەن پەرلەمانی عێراق دوور لە دەستوەردانی دەرەکی، بەپەلە ئەم پرۆژەیاسایە پەسەند بکات.
ئوم عەمار، چالاکڤانە و دەڵێت، "کێشە کەوتووەتە نێوان ژن و پیاو، قوربانییەکەش منداڵە، ئێستا کاتێک سەیری ئەم نەوە نوێیە دەکەیت بەدەست ئەو رێکخراوانەی هەن، بەتایبەتی دوو هەزارەکان نەوەیەکی بێ سەروبەریان لێ دەرچووە. هیچ پابەندییەکی ئەخلاقییان نییە، هەر بەو هۆیەوە هاوڕەگەزخوازی بەشێوەیەکی مەترسیدار بڵاوبووەتەوە."
شێخ حوسێن مالکی، پیاوی ئایینی شیعەیە و دەڵێت، "لەسەرووی جەنگی فیکری و چەکداری، جەنگێکی دیکەش دەستی پێکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزانی عێراقی، ئەویش لە رێگەری رێکخراوەکان کە پشتیوانیی دەرەکیان هەیە؛ هەروەها ئەو پارێزەرانەی بوونەتە کلکی ئەوان، ئێمە بەدەست ئەمانەوە دەناڵێنین."
دوای فراوانبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە چەکدارە عێراقییەکان کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیادکردووە. بەجۆرێک تەنیا لەماوەی 20 رۆژی رابردوودا لانیکەم 65 هێرشی درۆنی و مووشەکییان ئەنجامداوە.