باڵی سیاسیی حەشدی شەعبی داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

پرسەی کوژراوانی هەشت چەکداری حەشدی شەعبی لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە باشووری بەغدا کرانە ئامانج. باڵی سیاسیی گرووپە چەکدارەکانیش داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن. 
 
لە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق، لە شوێنی دەرکردنی یاسا و بڕیار، باڵی سیاسی گرووپەکانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی تۆڵکردنەوە دەکەن، دەشڵێن دەبێت حکومەتی عێراق جیدی بێت و پەلە بکات لە جێبەجێکردنی یاسای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا کە لە پەرلەمانەوە دەرچووە. 
 
حەسەن سالم، پەرلەمانتاری عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێت، "ئەمریکا شانازی بەوە دەکات کە ئەوەی دەیکات بەرگریکردنە لەخۆی، یاساکانی نێودەوڵەتی رێگە بە داگیرکەر نادەن بەرگری لەخۆی بکات، بگرە خاوەن ماڵ خۆی پارێزگاری دەکات، بۆیە ئەم دەستدرێژییەی کراوە هاوشێوەی ئەو دەستدرێژیانەیە کە کیانی زایۆنی دەیکەنە سەر گەلی فەلەستین، بۆیە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بڕیاری پەرلەمان جێبەجێ بکات بۆ دەکردنی هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراق." 
 
گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە لەژێر ناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەردەکەون، شەڕی درۆن و مووشەکیان دژی هێزەکانی ئەمریکا گەرمکردەوە، بەجۆرێک لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا نزیکەی 70 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. 
 
سعود ساعدی، سەرۆکی کوتلەی حقووقی سەر بە حیزبوڵڵای عێراق دەڵێت، "دەبێت حکومەتی عێراق هەڵوێستی روون و ئاشکرا و بەهێز و جیدی بێت بەرامبەریان، ئەوانەی لێرە هێزی راوێژکاری یان راهێنەر نین، بەڵکو ئەوەی هەیە هێزێکە دەستدرێژی دەکات. هێزی مووشەک هاوێشتن و زیادەڕۆیی دەکەنە سەر خاکی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەبێت لەمەودوا هەڵوێستەکان روونبن نەوەک هەر لەچوارچێوەی راگەیێندراو و سەرکۆنەکردن بمێنێتەوە."  
 
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، مقاوەمەی ئیسلامی عێراق بە ئاشکرا شەڕی دژی هێزەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە، سەرکردەکانیان دەڵێن، تاکە رێگەی بەردەم هێزەکانی ئەمریکا چوونە دەرەوەیانە لە خاکی عێراق، گەرنا سەلامەت نابن.