بەنداوی حەمرین بووژاوەتەوە و ئێستا 1.1 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە
رووداو - دیالە
بەنداوی حەمرین لە پارێزگای دیالە بووژاوەتەوە. بەنداوەکە پێنج ساڵە بەهۆی بێ ئاوییەوە ئاستی ئاوەکەی دابەزیبوو بۆ 300 ملیۆن مەتر سێجا، کە توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
دوای ئەو باران بارینەی ئەم ساڵ ئاستی ئاوی بەنداوی حەمرین بۆ یەک ملیار و 100 ملیۆن مەتر سێجا زیادی کردووە.
ئەندازیار حەسەن شەوکەت، بەڕێوەبەری بەنداوی حەمرین دەڵێت، "باران بارین بە ئاستێکی بەرز باریوە بەراورد بە دوو بۆ سێ ساڵی رابردوو، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی حەمرین. ئێستاش کۆگای ئاو گەیشتووەتە نزیکەی 50%، بەنداوەکە لە دۆخێکی زۆر باشدایە و ئامادەیە بۆ شەپۆلی دیکەی باران بارین."
بەرزبوونەوەی ئاستی بەنداوەکان دڵخۆشیی لای هاونیشتمانییان و جووتیاران دروستکردووە، دەتوانن ئەم ساڵ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیاتر بکەن.
ئیسماعیل محەممەد، جووتیار دەڵێت، "ئەم ساڵ ئاوەکە زۆرە، سوپاس بۆ خوا سوودی هەیە؛ بەنداوەکەش پڕ بووە. دوای ئەوەش ئێمە سوودی باشی لێ دەبینین. هەتا ئاوەکە زۆر بێت، بۆ ئێمە باشترە، کشتوکاڵی لەسەر دەکەین و ساڵانە مەرەزە و هەموو شتێکی لەسەر دەکرێت."
بەنداوی حەمرین لە کاتی کەم ئاوی پشت بە بەنداوی دەربەندیخان دەبەستێت، ماوەی پێنج ساڵە بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ نەبووە، بەڵام ئەم ساڵ ئاستی ئاوەکەی 10 مەتر زیاترە لە ساڵی پار؛ ئێستا نزیکەی 70 سانتیمەتری ماوە بۆئەوەی بەنداوەکە سەرڕێژ ببێت.
سامان محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەڵێت، "ئەم ساڵ خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا رێژەی باران بارین لە دەوروبەری بەنداوی دەربەندیخان 840 ملـلیمەتر باریوە، نزیکەی 306 ملـلیمەتر لە ساڵی پار زیاترە، ئیشەڵڵا لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەگەر پلانی بەردانەوە و هاتنی ئاو بەردەوام بێت، بەنداوەکە سەرڕێژ دەبێت."
بەنداوی دەربەندیخان لە بنەڕەتدا بۆ هاوکاریکردنی بەنداوی حەمرین دروست کراوە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و پارێزگاری دیالە چەندین جار لەبەر گرفتی کەم ئاوی لە دیالە چوونەتە گەرمیان، دەربەندیخان و هەولێر و داوای بەردانەوەی ئاویان لێ کردوون، بەڵام ئەم ساڵ بەنداوی حەمرین بووژاوەتەوە و کەمتر پێویستیان بە ئاوی بەنداوی دەربەندیخانە.