گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: سبەی جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان کۆتایی دێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سبەی جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان کۆتایی دێت، بەڵام راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەوێتە کۆتایی هەفتەی داهاتوو.
رۆژی هەینی، 22ـی کانوونی یەکەمی 2023 عیماد جەمیل، گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز پەیامنێری رووداو لە بەغدای گوت، "ئەمڕۆ لە چەند پارێزگایەک و سبەینێش لە چەند پارێزگەیەکی دیکە جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان کۆتایی دێت، دواتر راپۆرتی کۆتایی دەنگەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەدرێتە لایەنە سیاسییەکان."
لەبارەی کاتی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن گوتی، "راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دەکەوێتە کۆتایی هەفتەی داهاتوو، کۆمیسیۆن دوای کۆکردنەوە و پەسندکردنی سەرجەم ئەنجامەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رێژەی دەنگی لایەنەکان و بەربژێرە سەرکەوتووەکان ئاشکرادەکات، هۆکاری دواکەوتنی راگەیاندنی ئەنجامەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زیاتر 5٪ـی دەنگەکان بە دەستی جیادەکرێنەوە."
عیماد جەمیل باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا 118 سکاڵا لە دەنگدانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا تۆمارکراون، بەڵام هیچیان سکاڵای سوور نین و نابنە هۆی گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و سکاڵاکان بەوشێوەیە نین کە پێویست بکات، دووبارە دەنگی سندووقەکان هەژمار بکرێتەوە، چونکە زۆرینەی سكاڵاکان لەسەر پێشێلکارییەکانە.
رۆژانی 16 و 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی، بۆ ئەنجوومەنی پارێزگەکانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی نەخوێندنەوەی ئەلیکترۆنیی دەنگەکانەوە، نزیکەی 6٪ـی دەنگەکان بە دەستی جیادەکرێنەوە و ماوەی دوو رۆژە، پرۆسەکە لە بنکە سەرەکییەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.