دەروازەی سنووریی مێهران کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دەروازەی سنووریی مێهران لە پارێزگای ئیلام کە دوو رۆژ بوو داخرابوو، ئەمڕۆ کرایەوە؛ قایمقامی شاری مێهران دەڵێت، ''هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری تێیدا ئاسایی دەبێتەوە".
 
درەنگی شەوی پێنجشەممە 22-11-2024، عەباس شەفیعی، قایمقامی شاری مێهرانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ''لە بەیانییەوە دەروازەی سنووریی مێهران دەکرێتەوە و هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری تێیدا ئاسایی دەبێتەوە".
 
عەباس شەفیعی گوتی، هاتووچۆ لە دەروازە سنوورییەکەوە بەهۆی سەرژمێریی گشتیی عێراق وەستابوو، ''ئەمەش بە مەبەستی هاوکاری لەگەڵ وڵاتی عێراق، بۆ ئاسانکاریی زیاتری بەڕێوەچوونی سەرژمێرییەکە".
 
دەروازە سنووریی مێهران لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی (زڕباتیە)یە.
 
پێشتر شەفیعی داوای لە هاووڵاتیان و ئەو زیارەتکارانە کردبوو کە بەنیازبوون رۆژانی 20 و 21ـی مانگ سەردانی مەزارگەکان بکەن، گەشتەکەیان بۆ رۆژانی دواتر دوابخەن.
 
رۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی 2024، بۆ یەکەم جار دوای 37 ساڵ، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە کرا و تیمەکانی سەرژمێری دوای درێژکردنەوەی کاتەکەی، ئەمڕۆش سەردانی خێزانەکان دەکەن بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکان.