دەیان کەسوکاری 'حوکمدراوان بە لەسێدارە' لە بەغدا داوای لێبووردنی گشتی دەکەن

 
رووداو - بەغدا

بەشێک لەو ژنانەی لە عێراق کوڕ، برا یان هاوژینەکانیان بڕیاری لەسێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە، هاواریان لێ هەستاوە و نیگەرانن. دایکی سامی 12 ساڵە کوڕەکەی دەستگیرکراوە و دەڵێت، لەژێر هەڕەشەدا دانی بە تاوانێکدا ناوە کە نەیکردووە.
 
دایکی سامی موبدر، دەستگیرکراو دەڵێت، "لە حلە سوێند بەخوا زۆر ژن دەستدرێژیی کرایەسەر، بۆئەوەی کەسوکارەکانیان دان بە تاوانەکانیاندا بنێن. کوڕەکەم پەڕەی سپیی واژۆ کرد، بۆئەوەی ژنەکەی نەهێنن، حوکم دراوە و رێژەی ئازاردانەکەی 95%ـە، سوێند بە خوا 95%ـە. بەخوا نزیکەی 13 ساڵە دەستگیر کراوە، کارەبایان لێداوە و تیزابیان پێدا کردووە، پێیان گوتووە یان دان دەنێیت بە تاوانەکەدا یاخود هاوژینەکەت دەهێنین، لەسەر کاخەزی سپی واژۆی کردووە، ئێستا بە لەسێدارەدان سزا دراوە."
 
نزیکەی 100 ژن لە ناوچە و شوێنی جیاوازەوە چوونە گۆڕەپانی تەحریر؛ نزیکەی چوار کاژێر هاواریان کرد و ناڵاندیان، بەڵام کەس بەهانایانەوە نەچوو.
 
حەمدیە حوسێن، دایکی دەستگیرکراو دەڵێت، "هاوژینەکەم لە ساڵی 2013وە، لەپێش داعش هێزێک لە بەغداوە هات، ئێمە لە سەڵاحەدین بووین، بردیان؛ سێ ساڵ نادیار بوو و نەمدەزانی لە کوێیە، دۆزیمانەوە و لە ناسریە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، نە بکوژە و نە رفێنەرە، ئەمە بڕیارەکەیە بەدەستمەوە، ئێمە بەهۆی هەواڵدەری نهێنییەوە ستەممان لێکراوە، نە بکوژە و نە رفێنەرە. نە کەس سکاڵای لەسەرە نە شاهێدی لەسەرە، 10 ساڵە لە زیندان ستەمی لێدەکرێت. سێ - چوار دەفتەرم نییە تاوەکو لە زیندان دەری بهێنم، ئەمە بڕیارەکەیە ئەگەر سەرۆککۆمار دەیەوێت، پێی دەدەم."
 
سەبریە فازڵ کەسوکاری دەستگیرکراوێکی دیکەیە و بە تووڕەییەوە دەڵێت، "پیاو نەماوە! لە کوێن؟! ئێوە قبووڵی دەکەن ناموستان لەسەر شەقامەکان بێت؟! ئێمە ژنانی بەتەمەنین، ناموسی ئێوەین و لەسەر شەقامەکانین، ئایا  قبووڵتانە؟ پێیان گوتوون ئەگەر ئەو کاخەزە واژۆ نەکەن، ژنەکەت دێنین، دایکت دێنین، خوشکت دێنین، ڤیدیۆیان بۆ دێنن و دەڵێن خوشکتمان هێناوە، ژنەکەتمان هێناوە. خودایە پشت و پەنامان تۆی."
 
کەسوکارێکی دیکەی دەستگیرکراوێک بەناوی سەنییە حەسەن باسی لەوە کرد، دەستگیرکراوەکەیان ئازار دەدرێت، "پەیوەندیم پێوە دەکەن و دەڵێن، وەرە 10 وەرەقەمان (هەزار دۆلار) بدەرێ. من نیمە لە کوێ بۆیان بهێنم؟ لێیان دان، چاویان بەستووەتەوە و پەنجەمۆریان پێ کردووە، سەریان بە تیزاب سووتاندووە، وایان لێکردن پەنجەمۆر بکەن، ئەوانمان هیچ نەبینی و حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە."
 
‎لێبووردنی گشتی مەرجی بەشداریکردنی سوننەکان بوو لەم کابینەیە و دەڵێن، نزیکەی 10 هەزار کەسیان لە رێگەی هەواڵدەری ناڕاست و بە یاسای تیرۆر لە گرتووخانەکانن.
 
عەدنان جحێشی، پەرلەمانتاری سوننە لە کوتلەی موبادەرە دەڵێت، "ئێمە بە تایبەتی بەدواداچوونمان کرد، بابەتەکە کەسییە، هەواڵدەری نهێنی هەیە. کێشەی تایبەتی بووە، بە مادەی چواری تیرۆر حوکم دراوە. سکاڵاکار هەیە و خۆیشی شاهیدە، هەر خۆی سکاڵاکار و شاهێدە، هەروەها زۆر سکاڵای ناڕاست هەن، پێویستە لێکۆڵینەوەی دروستی بۆ بکرێت، بە گشتی بچنە نێو وردەکاریی زیندانییەکان. بڕگەی ورد هەبێت، بۆئەوەی زۆرترین زیندانیی حوکمدراو بیانگرێتەوە."
 
لەگەڵ هاتنی داعش، سەدان عەرەبی سوننە بە تۆمەتی ئەندامێتی یاخود هاوکاریکردنی داعش گیراون و بەشێکی بەرچاویان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.
 
بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، بەشێکی یان رەنگە زۆرێک لە کێشەکانی بەردەم گیراوانی چاکسازییەکان چارەسەر ببێت، دانپێدانانی بەزۆر و تێوەگلان بە ماددەی چواری تیرۆر، رەنگە وەکو بەربەستی ئاڵۆز و گەورە لەبەردەم ئازادکردنی هەندێک لە گیراوەکان بمێنێتەوە.