چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سوننەکان لەسەر پۆست ناکۆکن و تشرینییەکان هەڕەشەی خۆپێشاندان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
تەواوی سەرنجەکان دەخرێنە سەر ئەو جموجووڵانەی کە لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەیکەن. ئەم جموجووڵە لە کاتێکدایە ساڵێک بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان تێپەڕیوە و نەخشەی پشکەکانی لایەنە سیاسییەکان بەهۆی ناکۆکیی تووندی نێوانیان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
ئێستا ناکۆکییەکان لەسەر وەزارەتەکانی نەوت، گواستنەوە و ناوخۆ لەنێوان هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و فەتح بەدی دەکرێت و گوشاری زۆر لەسەر ئەم دوو هاوپەیمانییە دەکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت لە وادە یاساییەکەیدا.
عومەر سامەرایی، ئەندامی رەوتی حیکمە دەڵێت، "ئەگەر وەزارەت لە پشکی ئەم حیزبە یان ئەو حیزبەوە هەبن، دەبێت سازش بۆ یەکدی بکەن. ئێمە وەک رەوتی حیکمە سەرەڕای ئەوەی کە 11 کورسیمان هەیە رامانگەیاند کە بەشداری لەم حکومەتە ناکەین. بۆیە دەبێت لایەنەکان پرسی سازشکردنیان بۆ یەکدی بکەنە بنەمای دانوستاندنەکانیان، بەهۆی ئەوەی وڵات چیدی بەرگەی ململانێ و ناکۆکی و خۆپیشاندانی دیکە ناگرێت. پێویستە لەم هەفتەیەدا یەکلایی بکرێتەوە."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەسەڵاتیان بە محەممەد شیاع سوودانی داوە بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرەکان یان پێشنیازکردنی کەسانی دیکە. راسپاردنی سوودانی بۆ ئەم ئەرکە، لە پێناو رێگرتن بووە لە کێشە و بەربەستەکان. بەڵام ناکۆکی و ململانێی هێزە گەورەکان پێچەوانەی ئەو دەسەڵاتەیە کە بە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دراوە.
حەسەن بەهادلی، ئەندامی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێت، "مافی هەموو فراکسیۆنێکی سیاسییە پاڵپشتیی بەربژێرەکانی بکات بۆ ئەو پۆست و پایانەی پێیانوایە تێیدا کارا دەبن. بەڵێ لێرە و لەوێ جیاوازی لە بیروبۆچوونەکان روودەدات. بەشێک لە لایەنەکانیش پێداگری لەسەر چەند وەزارەتێکی دیاریکراو دەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا لەسەر بەربژێرەکان و وەزارەتەکان رێککەوتن دەکرێت."
هێز و لایەنە سیاسییەکان پەلەیانە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی تایبەت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێ بەر لە 25ی تشرینی یەکەم، بەهۆی ئەوەی تشرینییەکان لەو رۆژەدا ئامادەسازیی دەکەن بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندانێکی گەورە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە لە دژی سیاسەتی پشکپشکێنەی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەدەستهێنانی وەزارەتەکان، کە وەک چاودێرانی سیاسی دووپاتی دەکەنەوە، حکومەتەکانی پێشوو بەهۆی ئەم سیاسەتەوە شکستخواردوو بوون.