کازمی: دەنگتان بە بەڵێنی درۆ مەفرۆشن

رووداو دیجیتاڵ
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە ئەنجامێک دەردەچین، کە بنەماکەی بێگەردی و شەفافیەت بێت، هۆشداریش دەدات لە کڕینی دەنگی خەڵکی عێراق لە ژێر ناوی دامەزراندن و دەڵێت: "سەردەمی گەندەڵی زیانی بە عێراق گەیاندووە".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی ئەیلوولی 2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کۆبووەوە و چەند تەوەرێکی تاوتوێکرد دیارترینیان هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە تێیدا مستەفا کازمی رایگەیاند ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین و چەند رۆژێک ماوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، متمانەی تەواومان هەیە ئەم هەڵبژاردنە پێشهاتێکی عێراق بێت لە بێگەردی و هەڵبژاردنی باشترین لەلایەن گەلەوە".
 
هەروەها گوتی: "هەموو پێداویستییەکانی هەڵبژاردنمان لەرووی ئاسایش و لۆجستی و دارایی جێبەجێکردووە و تەنیا کات ماوە لەنێوانمان، ئەمڕۆ، ساختەکاری و گەندەڵی هیچ کاریگەرییەکی خۆسەپێنەرانەیان لەسەر هەڵبژاردنی داهاتوو نابێت".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوای کردووە هەموو عێراقییەکان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و کۆتایی بە "سەردەمی گەندەڵی" بهێنن کە زیانی بە عێراق گەیاند.
 
مستەفا کازمی لە قسەکانیدا لە کۆبوونەوەکە هۆشداریی داوە لە کڕینی دەنگی خەڵک بەبەڵێنی ساختە و دامەزراندنی ناڕاست یان دابەشکردنی زەوی و ئەو بەڵێنانەی بە درۆگەلێک نابردووە کە "نابێت خەڵک باوەڕی پێبکەن".
 
هاوکات سوپاسی کۆمیسیۆن و وەزارەتەکانی عێراقی کردووە بۆ کارکردنیان بۆ دابینکردنی کەشێکی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.