حکومەتی عێراق بەهۆی گەرما کاژێرەکانی کارکردن لە دامودەزگا حکومییەکان کەمدەکاتەوە

رووداو  دیجیتاڵ

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، حکومەتی عێراق بڕیاریدا کاژێرەکانی کارکردن لە فەرمانگە حکومییەکان کەمبکاتەوە، پارێزگارەکانیش سەرپشک دەکات ئەگەر گەرما گەیشتە 50 پلەی سیلیزی، کارکردن بوەستێنن. 
 
بە فەرمانی محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کاری فەرمانگە حکومییەکان لە هەموو پارێزگەکان جگە لە بەغدا، لە بری کاژێر 08:00ـی بەیانی بۆ 03:00ـی دوانیوەڕۆ، لەمەودا لە کاژێر 07:00ـی بەیانی تاوەکو 01:00ـی دوانیوەڕۆ دەبێت. واتە جگە لەوەی کاتەکە یەک کاژێر کەمکراوەتەوە، یەک کاژێریش پێشخراوە بۆ ئەوەی لە فێنکیی بەیانیدا دەستپێبکات. 
 
سەرۆکوەزیران هەروەها هەموو پارێزگارەکانی سەرپشک کردووە کە ئەگەر گەرما گەیشتە 50 پلەی سیلیزی، کاری هەموو فەرمانگەکان بوەستێنن. 
 
ئەم گۆڕانکارییە، لە سبەی یەکشەممە، 23ـی حوزەیران تاوەکو 29ـی ئاب کاری پێدەکرێت. 
 
بەپێی بڕیارەکە، هەر وەزیرێک، لە کاتی هاتنەپێشی دۆخی لەناکاو و پێویست، دەتوانێت کاتی کارکردن درێژبکاتەوە.
 
گەرمای پارێزگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق 45 پلەی سیلیزییان تێپەڕاندووە، لە بەشێکیان گەیشتووەتە سەرووی 50 پلە. 
 
سبەی لە بەسرە، زیقار و میسان گەرما دەگاتە 51 پلەی سیلیزی و پارێزگەکانی دیکەی عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستدا بەم شێوەیە دەبن:
 
واست؛ 49°
سەڵاحەدین؛ 46°
نەینەوا؛ 46°
موسەننا؛ 47°
کەرکووک؛ 46° 
دیالە؛ 48°
دیوانیە؛ 48°
ئەنبار؛ 44°
کەربەلا؛ 45°
نەجەف؛ 46°
بەغدا؛ 46°
 
عێراق بە کەرتێکی نالەباری کارەباوە رووبەڕووی گەرمای هاوین دەبێتەوە. گەندەڵی کەڵەکەبوو و شەڕ و تووندوتیژیی 20 ساڵی رابردوو، زیانی بە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و  تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا گەیاندووە. لە هەندێ پارێزگە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەپچڕێت. 
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر ئاستی جیهان، عێراق پێنجەم زیانمەندترین وڵاتی دەستی گۆڕانی کەشوهەوایە. 
 
دەستەی نێودەوڵەتیی گۆڕانی کەشوهەوا (IPCC) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2030، گەرمای عێراق 1.6 تاوەکو 2.4 پلە بەرزتر بێتەوە لەوەی کە ئێستا هەیە. تاوەکو ساڵی 2050ـش، گەرماکە 1.9 تاوەکو 3.2 پلە زیاتر دەبێت بەراورد بە پلەکانی ئێستا. 
 
سەرەتای ئەمساڵ، وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند توانیویانە لە ساڵی 2023، دابینکردنی کارەبا بگەیێننە 20 کاژێر لە رۆژێکدا. 
 
بەهاری ئەمساڵ، ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتەکە بە رووداوی راگەیاندبوو، لە پلانیاندایە لە سەرەتای هاوینەوە رۆژانە 27 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمبێنن. 
 
ئەوکات بە گوتەی عەبادی، عێراق 19 هەزار تاوەکو 20 هەزار مێگاوات کارەبای لە رۆژێکدا بەرهەمدرهێنا. 
 
بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی کارەبا، عێراق پشت بە هاوردەکردنی گازی سرووشتیی ئێران دەبەستێت. سوودانی هەوڵدەدات بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا کەرتی گازی عێراق بگاتە ئاستێک کە پێویستی بە هاوردەی بیانی نەمێنێت. 
 
تەممووزی پار، وەک هەنگاوێک بەرەو خۆبژێوی لە بواری وزەدا، بەغدا و کۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی گرێبەستێکی 27 ملیار دۆلارییان بۆ گەشەپێدانی کەرتەکانی نەوت، گاز و وزەی نوێبووەوەی عێراق واژۆکرد.